بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، ئەو تێبینیانەی لەسەر مووچە ھەن ھی ئەوە نین مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ڕابگرن و ھیچ پاساوێک نییە بۆ ڕاگرتنی مووچە، بۆیە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر خەت دەبین بۆ ئەوەی ئەو تێبینیانەی ھەن چارەسەر بکرێن و لە ئێستادا لە حاڵەتی ڕێککەوتن دایین.
دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئێمە بابەتێکمان ئامادە کردبوو بۆ ئەوەی فراکسیۆنە کوردییەکان و وەزیرە کوردەکان و سەرۆککۆماری عێراق و دکتۆر فوئاد حوسێن جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دوو مەبەست کۆ ببنەوە، یەکەم شاییستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان، دووەمیش چەند پرسێکی دیکە باس بکرێت، بۆیە کۆبوونەوەیەکی گرینگ ئەنجامدرا، لەبەر ئەوەی دوو مانگ بوو فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتبوو، کە ئەمە تاوانێکی گەورەیە بەرامبەر بە فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، لەبەر ئەوە بڕیار درا نابێت ھیچ بیانووەک ببێتە ھۆی ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، چونکە فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان پێویستە هەموو مانگێك مووچەكانیان خەرج بکرێت، ئەو تێبینیانەشی کە ھەن بچووکن و ناکرێت ببنە ھۆی ئەوەی مووچە ڕابگیرێت.
دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی، بڕیارە ئێمە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی عێراق کۆببینەوە و خاڵەکانی پێشتر لەگەڵ وەزیری دارایی گفتووگۆی لەسەر کراوە، ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەى پەروەردەی کەرکووکیش کە سەر بە ھەرێمی کوردستانن و مووچە لە ھەرێمی کوردستان وەردەگرن، ئەوانە دوو مووچە وەرناگرن، یەکێک لە ھەرێم بێت و یەکێک لەبەغدا، لەبەر ئەوەی لە ساڵانى پێشوو زۆر ھەوڵدرا ئەوانەش بۆ مووچە وەرگرتن بکەونە سەر عێراق، بەڵام ھەر ئەوان ئەوەیان قەبوڵ نەکردووە، بۆیە ئەمە ناکرێت ببێتە بیانوو بۆ ئەوەی مووچەیان ببڕێت.. پێویستە وەزارەتی دارایی ئەوە چارەسەر بکات و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقیش قسەم کردووە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لیستێکی ناوی ئەو فەرمانبەرانەمان بۆ ڕەوانە بکات، کە دەکەونە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان کە ناوی چواری تێدابێت و تێبینییەکانیش باس بکەن، بۆ ئەوەی ئەو گرفتەش چارەسەر بکرێت.
ناوبراو گوتیشى، لە ئێستادا لە حاڵەتی ڕێککەوتن دایین لەبارەی بابەتی بایۆمەتری، ئەو کەسانەشی کە تاوەکو ئێستا بایۆمەتریان نەکردووە مانای ئەوە نییە بوونیان نییە، بۆیە پڕۆسەی بایۆمەتری لە ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و ڕۆژانە پڕۆسەکە ئەنجام دەدرێت، ئەوانەشی کە ماون نزیکەی ١٠٠ھەزار فەرمانبەر دەبن، پێموایە ئەوانیش تا نزیکەی دوو مانگی دیکە تەواو دەبن.
بڵند ئیبراھیم