ئەورووپا-KDP.info- کوردانى تاراوگە بۆ ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستان، باس له پێشكهوتنه بهردهوامهكانی ههرێمی كوردستان دهكهن و دهڵێن، بە دڵ و ڕوح لە کوردستانین و ئەو چاکسازى و پێشکەوتنە هەمەچەشن و بەردەوامهى کوردستان بووەتە جێگاى شانازیى کوردانى تاراوگە و دڵخۆشین كه وڵات بەردەوام لە پێشکەوتندایە.
جووتیار سندى، چالاکوانى کوردى ئەورووپا لە سویدهوه، بۆ ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستان دواو گوتی: "پێشکەوتنى بەردەوامى کوردستان بووەتە جێگاى شانازیى کوردانى تاراوگە، ساڵانە کاتێک دەگەڕێمەوە کوردستان لە ڕێگاوبان و بیناسازیدا، جیاوازیى گەورە بەدى دەکەم کاتێک لە ڕێگهى زاخۆ بۆ دهۆک و دهۆک بۆ هەولێر سەفەر دەکەم، وا دەزانم لە ڕێگایەکى ئەورووپادا سەفەر دەکەم، بەڕاستى دڵخۆش دەبین بەو چاکسازى و پێشکەوتنە هەمەچەشنە".
سندى گوتیشى: "هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەو قەیرانەى بۆى دروست دەکرێت، بەڵام حکوومەتى هەرێم بەردەوامە لە پێشخستنى وڵاتەکەمان، کوردستان خۆشگوزەرانییەکى زۆری تێدا بەردەوامە، بەراوردیش بە دەوڵەتانى دەوروبەرى، زۆر پێشککەوتووترە لە هەموو سێکتەرەکاندا، هەروەها لە بوارى ئاسایش و ئارامى و ڕێکخستنى ڕێگاوبان لە دانانى سیستمى کامێراى کۆنتڕۆڵکردنى تیژڕۆیى، بە ئاسوودەییەوە دەتوانى هاوشێوەى ئەورووپا شوفێری بکەیت".
فەزیلە شۆڕش، چالاکوانى مافەکانى ئافرەتان لە هۆڵەنداوه، به ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "وەک کوردێکى دانیشتووى دەوڵەتى سوید دڵخۆشم بە پێشکەوتنى کوردستانەکەم بە تایبەت لە کابینەى نۆیەمدا، ئێمە بە دڵ و ڕوح لە کوردستانین و بەردەوام چاودێریى وڵاتەکەمان دەکەین و ئارامى و ئاسایشی کوردستان جێگاى دڵخۆشییە".
ناوبراو گوتیشى: "من میوانى سویدم هێناوەتەوە لەگەڵ خۆم بۆ کوردستان، سەرسام بووە بەو پێشکەوتن و ئارامییەی کوردستان، بە تایبەتى پایتەخت بە چاوى خۆیان بینییان، ئێمە زۆر حەز دەکەین بگەڕێینەوە بۆ کوردستان و ئێستا ژیان له کوردستان خۆشە و بیانییەکانیش پێمان دەڵێن وڵاتەکەتان خێرا پێش دەکەوێت".
سەیران زاویتەیی، لە بەلجیکا كه هاوكات کاندیده بۆ سەرۆکى شارەوانیى شارى Leuven، بە ماڵپەڕى فەرمیی دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "ئێمە لە تاراوگە خۆشحاڵین کە دەبینین وڵاتەکەمان بەردەوام لە پێشکەوتندایە، دەستخۆشیمان هەیە بۆ هەر کەس لە دەسەڵاتە و کار لەسەر بەرەوپێشبردنى وڵاتەکەمان دەکات".
گوتیشى: "دەوڵەتى بەلجیکا خۆشحاڵە بە سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونى کوردستان، دەزانن لە ئەزموونێکدا دەژین هەرچەندە قورسە، بەڵام سیاسەتێکى دیموکراسى پێڕەو دەکەین، لەو حزبەى من تێیدا ئەندامم، پێیان خۆشە سەردانى کوردستان بکەن، ئەزموونى حکومڕانى ببینن کە چۆن بە ئازادى و دیموکراسى دەوڵەت بەڕێوە دەبرێت و هاووڵاتیان ژیان دەکەن، ساڵانە سەردانى کوردستان دەکەم دەبینم وڵات بەردەوام لە پێشکەوتندایە، دۆخى ئابووریى جیهان قورسە بەتایبەتیش من لەم وڵاتە دەژیم، بەڵام کوردستان باشترە، سەربارى دروستکردنى قەیرانەکان بۆى".
عەزیز ڕەسووڵ