ھەولێر-KDP.info- وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: حکوومەت و سوپای ئەمریکا وەک بەردەوامی لە هاوکاریی و پشتیوانییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە، ئەمڕۆ ژمارەیەک چەکی قورسی ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە کرد.
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکاری سەربازی هاوپەیمانان و کونسوڵی ئەمریکا چەکی قورس ڕادەستی هێزەکانی پێشمەرگە کرا، هەر ئەمرۆش ئەو چەکانە ڕادەستی هەردوو هێزی پشتیوانی یەک و دووی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی ئابی 2024، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، هێزی پێشمەگەی کوردستان کە لەلایەن حکوومەت و سوپای ئەمریکاوە وەک بەردەوامی لە هاوکاریی و پشتیوانییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە، کۆمەڵێک چەکی قورسیان ڕادەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد کە بە دڵنیاییەوە توانا سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و پێشمەرگەی کوردستان، دەگەیەنێتە ئاستێکی بەرزتر، هیوادارین ئەریکا لەم جۆرە چەک و هاوکارییانە بەردەوام بێت، بەتایبەتی لەم قۆناغەی ئێستە کە شەڕی تەکنەلۆژیی سەربازییە.
وەزیری پێشمەرگە گوتیشی: هێزی پێشمەرگەی کوردستان چاوی لەوەیە ببێتە خاوەنی ئەو چەکە تەکنەلۆژیا پێشکەوتووانە، ئەویش بە پشتیوانی و هاوکاریی بەردەوامی هاوپەیمانان، لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمریکا.
ئاماژەی بەوەش دا: حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە و تەواوی فەرماندەکانی کوردستان، سوپاسگوزاری حکوومەت و وەزارەتی بەرگری ئەمریکانە کە ڕۆڵی بەرچاوییان هەبووە لە هاوکاریکردنی وەزارەتی پێشمەرگە.
شۆڕش ئیسماعیل ڕایشیگەیاند: سوپاسی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سوپاسالاری عێراق دەکەین کە هەوڵی زۆر و ئاسانکاریی زۆری دا تاکو ئەم چەکانە بگەنە هێزی پێشمەرگە، ئەوەش دڵنیاکەرەوەیەکی دەستوورییە کە هێزەکانی پێشمەرگە بەشێکن لە سیستەمی بەرگری خاکی عێراق و دڵنیاییەکیشە بۆ هێزی پێشمەرگەی کە حکوومەتی فیدراڵ هاوشانی سوپای عێراق هاوکاری پێشمەرگە دەکات