Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ(١٥)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان

ھەولێر-KDP.info-  مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی (١٥)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی عومەری سەید عەلی ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان کرد کە ئەمە دەقەکەیەتی:

 بەڕێزان / عومەری سەید عەلی ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان.

بە بۆنەی (١٥)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و ئەندامان و لایەنگرانی بزووتنەوەکەتان دەکەین و، هیواداری بەردەوامی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین. 

ئێمە لە کاتێکدا ئەو یادەتان پیرۆز دەکەین، ڕۆڵ و کاریگەری ئێوە لە دەوڵەمەندکردنی ئەزموونی حوکمڕانی هەرێم و پرۆسەی سیاسی بەرز دەنرخێنین، هەروەها جەخت دەکەینەوە سەر هاوپەیمانێتی و هەماهەنگی نێوانمان و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەدیهێنانی گشت مافەکانمان.

لەو دەرفەتەدا هیوادارین هەموو لایەک دڵسۆزانە و بەرپرسانە هەوڵ بدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پتەوترکردنی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان و دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی ڕۆشن و شایستە بۆ ڕۆڵەکانی گەلەکەمان.

دووبارە یادی دامەزراندنی بزووتنەوەکەتان پیرۆز بێت، هەر سەرکەوتوو بن.
      
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتى كوردستان
٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٤