Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر باش خزمەتی ئاوارە و پەنابەرانی کردووە

ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ چوارشەممە، 10-07-2024، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێورسمی ڕاگەیاندنی ڕێنمایی ڕێکخستنی کاروباری پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، لە رێورەسمەکەدا سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد کە ئەمە دەقەکەیەتی:


بەناوی خوای گەورە و مێهرەبان
بەڕێزان، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، ئامادەبووانی هێژا، میوانانی قەدرگران، زۆر زۆر بەخێربێن. خۆشحاڵم، ئەمڕۆ لێرە بەم بۆنەوەیە لەگەڵ یەکین لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز.
زۆر بەخێربێن و سوپاس بۆ بەشداریتان لەم بۆنەیە کە تایبەت بە ڕاگەیاندنی ڕێنمایی کارگێڕیی بۆ بارودۆخی پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێ هیچ جیاوازییەکی ئایینی، ڕەگەزی و نەتەوەیی؛ میوانداری سەدان هەزار پەناخواز و پەنابەری وڵاتانی دەوروبەر و هەروەها ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق کردووە؛ بە تایبەت لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرش و پەلاماری تیرۆریستانی داعش، بە هەزاران کەس ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد. ئەمە لە کاتێکدا بوو، کە لەو قۆناغەدا ڕووبەڕووی بارودۆخێکی دژوار و قەیرانێکی داراییش بووینەوە؛ بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو دۆخە سەختەش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی سەرەکی میوانداریکردنی دەیان کەمپی ئاوارە و پەنابەرانی لە ئەستۆ گرت و زۆربەی بارگرانییەکەش لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مایەوە.
ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پاراستن و حەواندنەوەی سەدان هەزار پەناخواز، ئاوارە و پەنابەر کە بەهۆی ترس و نەبوونی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکانیان، هەڵاتوون و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە؛ بەداخەوە تاوەکوو ئێستا بارودۆخی وڵات و ناوچەکانیان ئاسایی نەبووەتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە.
بێگومان کەس پێی خۆش نییە لە ئاوارەیی و پەنابەرییدا بژیت و، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەمیشە لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی هەموو ئاوارە و پەنابەرانە لە ڕێگەی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکانیان بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و شوێنەکانیان.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی کارکردنیدا بۆ ڕێکخستنەوەی کاروباری پەناخوازان، ماوەیەکە بە هاوکاری کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) خەریکی ئامادەکردن و داڕشتنی ڕێنمایی کارگێڕیی بووە، سەبارەت بە بارودۆخی پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان.
ئەم ڕێنماییە بەشێکە لە بەرنامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری کارگێڕیی و یاسایی بە ئاراستەی پاراستنی مافەکانی پەناخوازان و پەنابەران و دیاریکردنی ئەرکەکانیان؛ بە تایبەت لە بواری ڕێکخستن و یەکخستنی ڕێکارەکانی هاتن و پێشوازیکردن لە پەناخوازان و چەسپاندنی ماف و ئەرکەکانیان لە هەرێمی کوردستان.
دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی ئامادەکاریی ئەم ڕێنماییانە دەکەم کە بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ئەم ڕێنماییانەیان ئامادە کردووە.
لێرەدا دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە نموونەیەکی گەشی میواندۆستی و پەناگەیەکی ئارام دەمینێتەوە بۆ هەموو ئەوانەی لە ترسی زوڵم و ستەم و تیرۆر و تۆقاندن و چەوساندنەوە، ڕووی تێدەکەن.
هەوڵمان داوە بەپێی توانای دارایی و بەردەستمان، ئاوارە، پەنابەر و پەناخوازان سوودمەند بن لە خزمەتگوزارییە گشتییە گرنگەکانی وەکوو خوێندن، چاودێریی تەندروستی و ئاسایش و ئارامی و پێداویستییەکانی ژیانیان. هیوادارین حکوومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هاوکار و یارمەتیدەری هەرێمی کوردستان بن بۆ خزمەتی زیاتری ئەو پەناخواز و ئاوارە و پەنابەرانە تا ئەو کاتەی بارودۆخی ناوچەکانیان یارمەتیدەر دەبێت بە ویستی خۆیان و بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان.
ئیتر هەر شاد و سەرکەوتووبن
زۆر زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان