Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی نوێی تورکیا لە هەولێر دەکات

هەولێر-KDP.info- ڕۆژی چوارشەممە 10ی تەممووزی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئێرمان تۆپچو کونسوڵی نوێی تورکیا لە هەولێر کرد.

لە دیدارەکەدا کونسوڵی نوێی تورکیا لە هەولێر سڵاو و ڕێزی وەزیری دەرەوەی تورکیای بە سەرۆک بارزانی گەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی خوازیاری ئەوەیە باشترین پەیوەندی لە بوار جۆراوجۆرەکاندا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەبێت. لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ئاڵۆگۆڕ کرا و کونسوڵی تورکیا ئەو سەردانەی بە مێژوویی و کاریگەر وەسف کرد.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی وێڕای باسکردنی هۆکارەکانی سەردانی حەفتەی ڕابردوو بۆ بەغدا ئەوەشی دووپات کردەوە کە لێکتێگەیشتن و دیالۆگ لە چوارچێوی دەستوور باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. هەروەها هیوای سەرکەوتنی بۆ کونسوڵی تازەی تورکیا خواست لە ئەرک و کارەکانیدا.

بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە تەوەری تری ئەو دیدارە بوو.