Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری کشتوکاڵ: لە کابینەی نۆدا توانیومانە قۆناغێکی باش ببڕین

هەولێر-KDP.info- وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کەرتی پەلەوەریدا لە پێداویستی بازاڕی خۆمان زۆر زیاترمان هەیە و دەتوانین هەناردەی بازاڕی عێراقی بکەین، لە بواری سامانی ماسیش هەنگاوی زۆرباشمان ناوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە کابینەی نۆدا هەنگاوەکانی پەرەپیدانی کەرتی سامانی ئاژەڵ بەگشتی دەستی پێکردووە و توانیومانە قۆناغێکی باش ببڕین، ئومێد دەکەین لەسەر سیاسەتی پەرەپێدانی ئەم کەرتە هەنگاوی گەورەتر بنێین.

بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت، "لەبەشێکی زۆری بەرەبوومەکانی سامانی ئاژەڵی گەیشتووینەتە خۆبژێوی کە یەکێکە لە دەسکەوتە گرنگەکان بۆ ئەوەی بتوانین، دەستەبەری ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان بکەین".

وەزیر ئاماژەی بەوەش دا، "پلانی پەرەپیدانی ئەم کابینەیە بەهەموو سێکتەرەکان و شێوازێک کە گرتوویەتییەبەر، دەتوانم بڵێم ئێستا لە کەرتی پەلەوەریدا لە پێداویستی بازاڕی خۆمان زۆر زیاترمان هەیە و دەتوانین هەناردەی بازاڕی عێراقی بکەین، لە بواری سامانی ماسیش هەنگاوی زۆرباشمان ناوە، هەروەها لە بواری ئاژەڵی کاوێژکەر کە بەرهەمی شیریش دەدەنە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، توانیومانە هەنگاوی باش بنێین".

بیگەرد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، "هەموو ئەو کەسانەی سەرمایەدارن و دەیانەوێ لە کەرتی کشتوکاڵ سەرمایەداری بکەن، بەتایبەت لە بواری سامانی ئاژەڵ، دەرفەتی کاری زۆرمان هەیە، کە دەتوانم بڵێم دامەزراندنی بەشێک لەو کارگانە کە خواستی هەرێمی کوردستانە لە ناو خودی هەرێمی کوردستاندا بازاڕی سەرجەم عێراق نەک تەنیا کوردستان، ئێستا بەشێکی زۆری عێراق ئەو بەرهەمانە هاوردە کاری ئەو بەرهەمانەیە کە پێویستی پێیەتی بەتایبەت بەرهەمی سامانی ئاژەڵ".