Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فڕاکسیۆنی پارتی ھەڵوێستی خۆی لەبارەی کۆبوونەوەكەی سبەی ڕاگەیاند

کەرکووک-KDP.info- سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند، دوای دیاریکردنی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، سبەی ئێمە وەکو فڕاکسیۆنی پارتی ئامادەی کۆبوونەوە دەبین و دەشڵێ: "ئومێد دەکەین سەرکەوتوو بین، بۆ ئەوەی ئەندامانی ئەنجومەن شەرعیەت وەربگرن و دواتریش لایەنەکان دەست بە گفتوگۆ بکەن بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگا و ئەنجومەن".

حەسەن شێخانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارە سبەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کۆ ببێتەوە و ئێمەش وەکو فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتی خۆیدا ئامادەی کۆبوونەوە دەبین و ئومێد دەکەین کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوو بێت، بۆیە ئێمە وەکو فڕاکسیۆنی پارتی ئامادەین و تاوەکو ئێستاش ئەوەی بە ئێمە ڕاگەیەندراوە، تەنیا شەرعیەتدانە بە ئەندامانی ئەنجومەن، بۆ ئەوەی دواتر دەست بە گفتوگۆ بکرێت بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگار و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی پارێزگا و جێگرەکانیان".

شێخانی گوتیشی: "سبەی تەنھا شەرعیەت وەردەگرین و دواتر لایەنەکان گفتوگۆ دەکەن بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگا و ئەنجومەنیش، سبەیش بڕیار نییە سەرۆکی ئەنجومەن و جێگرەکەی ھەڵبژێردرێن، بەڵام ھەر کاتێک گفتوگۆ لەسەر پۆستەکان بکرێت، ئێمە ئامادەین و داواکاریی خۆمان ئامادە کردووە و پێشنیازیشمان بۆ چارەسەری ئەم دۆخە هەیە".

 

بڵند ئیبراھیم