Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حكوومەتی هەرێم و عێراق چوار بەنداوی گەورە لە كوردستان بنیات دەنێن

هەولێر-KDP.info- هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراق، چوار بەنداوی گەورە لە كوردستان بنیات دەنێن، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵیش دەڵێت، هەموو كارەكانیان تەواو بووە و بڕیارە بەغدا پارەیان بۆ خەرج بكات.

لە چوارچێوەی رێككەوتنی سەرۆك وەزیرانی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵی، چوار بەنداوی گەورە لە كوردستان دروست دەكرێن كە قۆناغی بێ ئاوی و وشكەساڵی بەتەواوی بنبڕ دەكەن.

هیوا عەلی گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، لیژنەیەكی هاوبەشیان بۆ دروستكردنی چوار بەنداو لە هەرێمی كوردستان پێكهێناوە، پڕۆژەكە لە چوارچێوەی رێككەوتنی هاوبەشی هەردوو حكوومەتە و دەست دەكرێت بەجێبەجێكردنیان.

گوتەبێژەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ گوتیشی، "ماوەیەكی زۆرە كار لەسەر دروستكردنی چوار بەنداو دەكەین لە هەرێمی كوردستان، بەڵام دروستكردنی ئەو بەنداوانە تێچوویەكی زۆری پێویستە و لەم قۆناغەدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەیدەتوانی  جێبەجێیان بكات، بۆیە ماوەیەكە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا كردووە تا بودجەی دروستكردنی ئەو بەنداوانە لە ئەستۆ بگرێت، چونكە سوودی بۆ عێراقیش تێدایە".

"لە ماوەی رابردوودا كۆبوونەوەمان لەگەڵ دەستەی راوێژكارانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كردووە، ئەوانیش ئامادەییان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەربڕیوە و دەستمان كردووە بە دووبارە تاوتوێكردن و دیزاینكردنەوە بۆ هەر چوار بەنداوەكە، هەموو وردەكارییەكانی تەواو بوون و رەزامەندیی هەردوو حكوومەتیش دراوە، تەنیا ماوە پارەی بۆ تەرخان بكرێت". هیوا عەلی وای گوت.

پێشتریش بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، ئەوەی چوار بەنداوە گەورەو ستراتیجییە لە هەرێمی كوردستان دروست دەكەین، سەرەڕای قەیرانەكانیش وەك حكوومەتی كوردستان، هەشت بەنداوی مامناوەندمان دروست كردووە.

لە ماوەی رابردوودا وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بە نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لێكتێگەیشتننامەی دروستكردنی چوار بەنداوی گرنگ و ستراتیجییان واژوو كرد، دروستكردنی ئەو بەنداوانە بە هاوئاهەنگی گرووپی نێودەوڵەتی كۆمپانیاكانی POWERCHINA  دەبن كە یەكێك لە كۆمپانیا بەهێزەكانی وڵاتی چینە.

بەنداوەكانیش بریتین لە بەنداوی دەڵگە لە پشدەر، بەنداوی خێوەتە لە سلێمانی، بەنداوی مەنداوە لە هەولێر، بەنداوی باكرمان لە دهۆك. بەتەواوبوونی ئەو چوار بەنداوە، كێشەی كەمی ئاوی پاك لە كوردستان كۆتایی پێ دێت.

بە دروستكردنی ئەو چوار بەنداوە، زیاتر لە چوار ملیار مەتر سێجا ئاو گل دەدرێتەوە، ڕۆڵێكی گرنگیی لە بووژانەوەی ئاوی ژێرزەوی، بەرهەمهێنانی كارەبا، ئاودێری و پڕۆژەی گەشتیاری دەبێت.

لە هەرێمی كوردستاندا 21 بەنداو و 118 پۆند بۆ گلدانەوەی ئاو هەن، بەمەبەستی بەرهەمهێنانی كارەبا، ئاودێری، گەشتیاری و چەندان بواری تر بەكار دەهێنرێن.

 

سۆران عەزیز