Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ماڵپەڕی KDP زانیاریی نوێ لەبارەی دابەشکردنی زەوی ئاشکرا دەکات

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کابینەی نۆیەم دابەشکردنی زەوی بە شێوەی کارت قەدەغە کردووە و ئەو زەویانەی بڕیارە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێن، تاپۆ دەکرێن.

د. لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی خانووبەرەی ھەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم دابەشکردنی زەوی بە شێوەی کارت قەدەغە کراوە، ھەر زەوییەک لەمەودوا لەلایەن حکوومەتەوە دابەش بکرێت، دوای ئیفرازکردنی زەوییەکە لەلایەن شارەوانییەوە ڕاستەوخۆ دەکرێتە سەنەد و لەسەر ناوی ھاووڵاتیان تاپۆ دەکرێت".

بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی ھەرێم دەشڵێت: "حکوومەت ڕێگە نادات زەویی کارت دابەش بکرێت و قەدەغە کراوە، چونکە دابەشکردنی کارت ڕێکارێکی یاسایی نییە و تەنیا ڕێگەی دروست، تاپۆکردنی زەوییەکانە".

دەشڵێ: "تەنیا لە سەردەمی کابینەی نۆیەم ٧٠ ھەزار کارت کراون بە سەنەد و لیژنەیەکیش لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران پێکھاتووە، بۆ ئەوەی ھەموو کارتانەی ماون بکرێنە سەنەد و لەسەر ناوی ھاووڵاتیان تاپۆ بکرێن، هاوکات ھەنگاوی زۆر باش نراون بۆ ئەو پرسە، بەڵام زۆر جار ھاووڵاتیان خۆیان نایەن بۆ گواستنەوەی زەوییەکان بۆ سەر ناوی خۆیان".

قائید میرۆ