د. محهممهد خدر مهولوود
پارتی دیموکراتی کوردستان وەک پارتێکی کوردی و کوردستانی، چ بۆ باشوور و کوردستانی عێراق، پاشان چ بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان هەر لە مێژوو و رۆژی دامەزراندنییەوە لە 16ی ئابی 1946دا لەنێو هزر و بیر و ئەندێشە و بەرنامەی کار و خەباتی دامەزرێنەر و رابەری سەرۆک مستەفا بارزانی دا، وەک پارتێکی خاوەن پڕەنسیپی دیموکراتی نیشتیمانی، هەر لە قۆناغی سەرەتای خەبات و تێکۆشانیدا باوەڕی بە ئازادی و سەربەخۆیی گەلان هەبووە، لە نێویشیاندا باوەڕی تەواوی بە هەبوونی تەواوی مافەکانی نەتەوایەتیی گەلی کورد و کوردستانیش.
لە دوای ئەو مێژووەوە، کە ئەمساڵ تەمەنی خەباتی شۆڕشگێڕیی شاخ و شارستانی و مەدەنی و یاسایی و دەستووری دەگات بە 78ساڵ، وەک پارتێکی نیشتیمانی، هەروا وەک پارتێکی دیموکراتی، هەڵگری بنەما و میتۆدی باوەڕبوون بە مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئازادییەکانی کۆمەڵگە و تاکە، لە پێناو هێنانەدیی مافی نەتەوەیی گەلی کورد و گەل و نەتەوەکانی دیکەی کوردستان و بڕیاردان لە مافی چارەنووسسازی، کە خۆی لە پرۆسەی سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونی پرس و دۆزی کورددا دەبینێتەوە، لە خەبات و تێکۆشاندا بووە.
دیوەکەی دی، هاوکێشەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوژمنان و ناحەزانیەتی
کە لە راستیدا دوژمنانی راستەقینەی پرس و دۆزی نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردن بەر لەوەی دوژمنی پارتی بن، هەر ئەو دوژمن و ناحەزانەش لەو باوەڕەدا بوونە کە پارتی دیموکراتی کوردستانە هەڵگری پەیامی راستەقینەی هاتنەدیی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانە و بەو راستییانە پارتی بە چەندین جۆر و شێوە تاقی کراوەتەوە، گەر لە قۆناغەکانی خەباتیشدا نەیتوانیبێ هەموو مافەکانی ئەو ئامانجە بێنێتە دی، بەڵام هەرگیزا و هەرگیز سازشی نەکردووە.
سازشنەکردنی پارتی لەسەر پرسی چارەنووسسازی نیشتیمانی، نەتەوەیی، کە خۆی لە سەربەخۆیی و دامەزراندی دەوڵەتی کوردیدا دەبینێتەوە، لای ئەوانەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ ملیان لەبەر ملی پارتی ناوە و بە نهێنی و بە ئاشکرا دژایەتیی دەکەن، ناتوانن لەو راستییە لادەن و پرەنسیپی سازشنەکردنی پارتی لەسەر بابەتی هەستیاری
چارەنووسسازدا بەهەند وەرنەگرن و لە هەردوو باری شەڕ و ئاشتی لەگەڵ پارتی بوێریی ئەوەیان نییە ئەو بابەتە وەک سەودا و مامەڵە پێکردن بهێننە سەر مێزی گفتوگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان. چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان سەودا و مامەڵە بە پرسی چارەنووسسازی نەتەوەییەوە ناکات.
ئەو پەیڤە سەرەتاییەمان هەموو بۆ ئەمەیە بڵێین، پرەنسیپە نیشتیمانییە نەتەوەییەکان چۆن جێگیر و نەگۆڕن و لەگەڵ سەردەم و پێشکەوتنەکانیشدا نوێ دەبنەوە و گۆڕانی ئەرێنییان بەسەردا دێ و بەند و خاڵی دیکەش دەگرنە خۆ، هەروا ئاوایش پارتی بۆ کارکردن و درێژەدان بە خەباتی شارستانی و لە سەردەمی کۆمەڵگەی مەدەنی و پێشکەوتنە خێرایەکانی تەکنەلۆژیای دیجیتەڵی، وەک مرۆڤی زیرەکی خۆڕسک لە پێشکەوتندایە و خۆی دەگونجێنێ لەگەڵ تەگەرە و قەیرانەکان تا گۆڕینیان بە دەرفەت و سەرکەوتن.
پارتی، بۆ چارەسەر و ساڕێژی برین و شوێنەواری کەموکوڕیی بابەتە نەرێنییەکانی خۆیشی شارەزایە و بە لێزانی خاڵ لەسەر پیتەکانی دادەنێت.
نهێنیی بەردەوامی و پێشکەوتن و بەخششی پارتی لە قۆناغە جیاجیاکاندا، کۆنگرە و کۆنفراسە، بە هەموو جۆرە کۆنفراسێک تا هی ئۆرگان و بارەگا و ناوچە و نووسینگە و بنکە و ناوەندەکانیش بێ، بە کۆڕ و کۆڕبەند و کۆبوونەوە و ڕەخنە و ڕەخنەکاری و ڕەخنەلەخۆگرتن و دەستنیشانکردنی خاڵە لاواز و هەڵە و کێماسییەکانیش، کە جۆرێکن لە هەوا و هەناسە و ئۆکسجینی نوێ و خوێنی گەرمی تازەن بە بەر جەستەی پارتییەوە و نوێبوونەوەی پێ دەبەخشن و پارتی بە فۆڕمی تازە و ناوەڕۆکێکی پێشکەوتووتر و کراوەتر دێنێتەوە نێو جەماوەرە شۆڕشگێرەکەی، کە لەگەڵ پارت و هێزە سیاسییەکانی کوردستان و دەوڵەتان و هێز و لایەنانی نێودەوڵەتی، هاوپەیمانیش ڕژتر و تۆکمەتر لە جاران بۆ پرسە چارەنووسازە ئایندەییەکان دێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و گوتاروگفت و لوتف و کار و کردەوە و بەرنامەی تازەی پێییە.
ئێستای پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سەردەمی سەرۆک و رابەر و فریادڕەس و کاریزما سهرۆك مەسعود بارزانی، لە کار و کردەوە سوواو و باوەکان تێپەڕیوە و ئێستا بە شێوەی (خیلافی باو) خەبات دەکا و دروشمی سوواو و چەقبەستووی بواردوووە، بە گوتار و گفتی تازەی پۆست ڕیفڕاندۆمەوە هەردەم لە بەرەوپێشەوەچوون و هەڵکشان و بەرزیدایە و بۆ گەیشتن بە مەبەست و سەرکەوتن، هیچ کات سڵ ناکاتەوە و بەرنامە و خاڵە ئەرێنییەکانی ئامانجی دامەزراندنی خۆی هەر دێنێتە دی.
ئەمە بۆ پارتی ئەستەم نییە، چونکە جەماوەرەکەی و خەڵکێکی زۆری کوردستان چاویان لەوەیە لە سەردەم و لە سایەی پارتیدا ئامانجەکانیان بێنەدی و چیتر حازرخۆرانی بەرسێبەر نەتوانن جوانییەکانی پارتی ناشیرین پێشان بدەن.