Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وتەبێژی پارتی: سبەی کاتژمێر ٩ لە ١٧ لق ھەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، مەحموود محەممەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی ڕایگەیاند، سبەی لە تەواوی مەکتەبی ڕێکخستنەکان و لقەکان ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی حزب ئەنجام دەدرێت.

مەحموود محەممەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەوەی ئێستا دەکرێت ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی ناوخۆیی حزبە کە بەپێی بڕیاری کۆنگرەی ١٤ دەبێت ئەنجام بدرێت، بۆیە لیژنەیەکی باڵا دروست کراوە بۆ ھەر مەکتەبێکی ڕێکخستنی پارێزگایەک یان لقەکان لیژنەیەکی تایبەت دروست کراوە، ھاوکات لە ١٧ لق ھەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، بۆ ھەر ١٧ لقەکەش لیژنە دیاریکراوە، بۆ ناوچەکانیش کە سنووری ئەو لقانەن لیژنەی تایبەتیان بۆ دروست کراوە، ھەموو ھەڵبژاردنەکانیش لەیەک ڕۆژ و لەیەک کاتژمێر دەست پێدەکەن.

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: سبەی کاتژمێر ٩ ھەڵبژاردنەکان بۆ ستافی ئۆرگانەکان لە بنکەوە تاوەکو سەرەوە دەست پێدەکات و چەند ڕۆژێک دەخایەنێت بەپێی قەبارەی زۆری و کەمی ئۆرگانەکان چونکە لەوانەیە ھەموویان لەیەک کاتدا تەواو نەبێت بەڵام ھەمووی لەیەک کات و لەیەک ڕۆژدا دەست پێدەکات.

مەحموود محەممەد جەختیش دەکاتەوە: سەدان کادیری ئێمەی پێشکەوتوو لەناو لیژنەکاندان بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان، ھەروەھا زۆربەی زۆری ھەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی وە ھەڤاڵانی لیژنەی مەرکەزیمان وە ھەڤاڵانی ئەندامە یەدەگەکانمان و کادیرە کۆنەکانمان وە ئەوانەی پێشتر بەرپرسی لق بوون بەشدارن لە لیژنەکان.

ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی وتیشی: بەپێی ئەو سیستەمەی لەپەیڕەوی ناوخۆی حزبدا ھەیە سەرەتا لە خوارەوە دەست پێدەکات واتا لە بنکەکانەوە، کە بنکەکان تەواو بوو ڕێکخراو ھەڵدەبژێردرێت دوای ئەوە سنووری ناوچەکان ھەڵدەبژێردرێت، دواتر ھەموو پێکەوە لقێک ھەڵدەبژێرن، ئەو کاتەی کە ئەوان تەواو بوون لقەکانی سنووری مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگایەک بەرپرسی بەشەکانی ناو مەکتەبی ڕێکخستنەکان ھەڵدەبژێرن.

مەحموود محەممەد، دەشڵێت: مەرج لە ئێستادا دیاری ناکرێت بۆ چۆنیەتی ھەڵبژاردن بەڵکو مەرجەکان لەناو پەیڕەوی ناوخۆ دیاریکراوە، ھاوکات ڕێنمایی دیاریکراویش ھەیە بۆ چۆنیەتی شیکردنەوەی ئەو مەرجانەی لەناو پەیڕەودا ھەیە، واتا ھەم پەیڕەومان ھەیە ھەمیش ڕێنمایی و شیکردنەوەی پەیڕەویشمان ھەیە بۆ ئەوەی ئەو پڕۆسەیە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوەبچێت.

ھاوکات لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەدا مەحموود محەممەد ڕوونی كردەوە: ئەوەی سبەی بەڕێوەدەچێت ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی حزبە، ئێمە دەمێکە بەنیاز بووین ئەو ھەڵبژاردنە ناوخۆییە بکەین بەڵام بەھۆی ئەو ڕووداوانەی کە دەھاتنە پێشەوە نەتوانرا بکرێت، بۆیە بەپێویست زانرا ئەم پڕۆسەیە دەست پێبکەین، ھەروەھا ئێمە پڕۆسەیەکی گرینگی ترمان لەپێشە ئەویش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە.

وتەبێژی پارتی باس لەوەش دەکات: دەستەیەکی ترمان ھەیە ئەویش دەستەی چاودێری و بەدواداچوونە بۆ ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکان ئەمەش بۆ ئەوەیە کە چاودێری پڕۆسەکە بکات و ھیچ کێشەیەک دروست نەبێت، ھەر ھەڤاڵێکیش گلەییەکی ھەبێت دەستەی چاودێری چارەسەری دەکات.

مەحموود محەممەد وتی: کادیرانی ئافرەت بەشدار دەبن لە بنکەوە تاوەکو لق، واتا ئافرەتان بە کۆتا بەشدارنابن بەڵکو دەبێت بەڕێژە بەشداربن، چونکە لە پەیڕەودا ھاتووە کە بەشداری ئافرەت کراوەتە بڕیار.

 

قائید میرۆ