Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لەیلا قاسم ڕوحێک لە پۆڵا

ئەسرین عاسی شوانی

ئافرەتی کورد لە مێژووی بەرخودانی گەلی کوردستاندا زۆر بێوێنە بوونە لە خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی دا، بە جۆرێکی وا کە دوژمنانیان شەرمەزار کردووە کاتێ ئەزموونی ژنی کورد بەدی دەکەن، بۆیە نموونەی ئافرەتی کورد دەرەوشاوەیە دژ بە داگیرکەران و دوژمنانی خۆسەپێن، مێژوو لاپەڕەیەکی پڕ لە قارەمانانەی کچە کوردێک یاد دەکاتەوە کە بوێری و ئازایەتیی ئەو کچە شۆڕشگێڕە، وای کرد عەرشی بەغدای ئەوسا بھەژێنێ و دوژمنان تووشی لەرزین بکات، بە جۆرێکی وا پەتی سێدارە شەرمەندە و شەرمەزار بێت لە ئاستی زوڵف و پەرچەم و گەردنیدا، تەنیا لەبەر داواکاریی مافی گەلەکەی، دوژمنان لەم ڕۆژەدا و 50 ساڵ بەر لە ئێستا گەردنی کچە قوتابی لەیلا قاسمیان خستە بەر پەتی سێدارە و لەیلای تێکۆشەریش سروودی شۆڕشگێرانەی دەگوتەوە و وشەی کوردستانی ڕەنگڕێژی پەتی گەردنی دەکرد، دوژمن بە شەھیدکردنی لەیلا قاسم ھەزاران لەیلای جۆشدراوی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کرد و ئەو کچە بزێو و ئازا و ڕۆشنبیرە لە خوێنی ھەزاران کچ و کوڕی ئەم نیشتیمانە ھەوێنی چاند و ڕۆژ بەڕۆژ شۆڕشی کورد لە جاران زیاتر پەلی دەھاویشت و دوژمنانی دەتاساند، بە جۆرێک دوژمنی شەرمەزار کرد تا بە دڵۆپە خوێنێکی جۆشی شۆڕشێکی ھەمیشەیی و گەلێک وەئاگا بھێنێ و بست بە بستی خاکی کوردستان لە پیسی و پۆستاڵی ڕەشی دوژمنان پاک بکاتەوە.

تا کوردیش خاوەنی ئەو جۆرە لە تەوار بێت، بێ شک ئاڵای کوردستان ھەر شەکاوە دەبێت، چونکە لەیلا قاسم وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو لە بەغدای پایتەخت و لە ناوجەرگەی دوژمن بە سروودی کوردستانم بەرەو پەتی سێدارە ھەنگاوی نا و لە بەردەم پەتی سێدارەدا ترس و لەرزی لە دڵی دوژمنان چاند، ئەو پشکۆیە گڕە بوو کە تا ئێستاش دوژمنانی بە ئاگا ھێنایەوە کە میللەتێک ڕۆڵەی وای ھەبێت، جێگای ئەوە نییە سەر بۆ دوژمنان و نۆکەرانی دابنوێنێت.

شەھید لەیلا قاسم، ڕاستە بە ھەڵواسینی گیانی بۆ شەھادەت فڕی و بووە سەر وێرد و بەستە و ھەڵبەست و گۆرانی تاک بە تاکی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا ترس و لەرزی خستە دڵی دوژمنان و ئەوەی سەلماند کە گەلێک لەیلایەکی وای ھەبێت، جۆشدەری ھەزارەھا لەیلا دەبێت و گەلی وا سەرەڕای ئاستەنگ و زۆریی دوژمن و بەھێزیی نەیارانی، کاروانەکەی ھەر دەگاتە مەنزڵ و دوژمنانیشی شەرمەزار دەکات، بۆیە لەم ڕۆژەدا و لە ئاستی شکۆمەندیی شەھیدی ھەمیشە زیندووی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان و ڕێبازی بارزانی، سەری ڕێزم بۆ شەھید لەیلا قاسم و سەرجەم شەھیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دادەنوێنم.