Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کاردانەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە

ھەولێر-KDP.info- نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکات.

یونامی دەڵێت، "سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەین کە کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان دابین دەکات."

یونامی ئاماژەی بەوەش کردووە، "سەرەخۆشی لە خێزانی کوژراوان دەکەین و هیوای هەرچی زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین. پێشوازی لە لێکۆڵینەوە دەکەین بۆ دەستنیشانکردنی ئەنجامدەران و دادگاییکردنیان."

دوێنێ هەینی بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ. رەمەک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بۆ میدیاکاران قسەی کرد و رایگەیاند، چوار کارمەند لە ئەنجامی هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداوە و دوو کارمەندی دیکەش برینداربوون.

رەمک رەمەزان گوتی، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون کارمەندی کۆمپانیای پێترۆ وێڵ بوون؛ باسی لەوەشکرد، هێرشەکە کاتژمێر 06:45ی ئێوارە بووە و بە درۆن بووە.

هێرشکردنە سەر کێڵگەکە جگە لە کاردانەوەی نێوخۆیی، کاردانەوەی نێودەوڵەتیشی لێکەوتەوە.

ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشی سەر ژێرخانی وزە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین. سەرەخۆشی لە خێزانی کوژراوەکان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە "سووکایەتی بۆ سەر سەروەریی عێراق" ناوبرد و داوای لە بەرپرسان کرد "لێکۆڵینەوە بکەن و بکەرانی هێرشەکە رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکەنەوە."

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد: "بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراق و حکوئومەتی هەرێمی کوردستان لە پاڵپشتیکردنی سەروەری، سەقامگیری و ئاسایشی عێراق."

لەلایەکی دیکەوە، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمشەوی سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین."

ئەلینا رۆمانۆوسکی گوتیشی، "داوا لە دامودەزگەکانی عێراق دەکەین لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەل بکەن و ئەوانەی کە بەرپرسن رووبەڕووی دادپەروەرییان بکەنەوە."

کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵ؛ کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن. کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز.