Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شێروان دوبەردانی" ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ زێدەڕۆیی بکەنە سەر مافەکانی کورد و پارتی"

نەینەوا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ  دەستوەردان لە پۆستە کارگێڕییەکانی نەیەنەوا بکەن و گۆڕانکاری لەو پۆستانە بکەن کە پشکی پارتی و کوردن..دەشڵێت، ئێمە بەرەنگاریان دەبینەوە.

شێروان دوبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" کۆبوونەوەیەک لەنێوان مەکتەبی رێکخستنی نەینەوای پارتی و نوێنەرانی پارتی لە پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەڕێوەچوو، مەبەست لە کۆبوونەوەکە دروستکردنی ھەماھەنگییە لەنێوان نوێنەرانی پارتی لە ھەردوو ئەنجوومەن لەگەڵ ئورگانەکانی پارتی لە سنووری پارێزگای نەینەوا، بڕیارە کۆبوونەوەکان بەردەوامیان ھەبێت بۆ ئەوەی زیاتر لە نزیکەوە ئاگاداری رووداوەکانی سنووری پارێزگاکە بین.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەشڵێت" تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە پەیوەندی ھەبوو بە نیەتی ھەندێ لایەنی سیاسی لە پارێزگای نەینەوا کە زانیاری پێشوەختەمان ھەیە دەیانەوێ زێدەڕۆیی بکەنە سەر مافەکانی پارتی و کورد لەو پارێزگایە، ئێمە بەرەنگاری ھەر ھەوڵێکیان دەبینەوە کە بیانەوێ دەستوەردان لە پشکی پارتی لە پۆستە کارگێڕییەکانی نەینەوا بکەن.
دوبەردانی زانیاری زیاتری راگەیاند، لە بابەتی پۆستەکانی نەینەوا ھەست دەکەین دەیانەوێ ئەو بەڕێوەبەر و بەرپرسی یەکە کارگێڕیانەی پارتین یان لە پارتییەوە نزیکن لابدرێن، ئەوەش لای ئێمە جێگەی قبووڵکردن نییە، ئەم پۆستانە گشتی بەیاسا رێکخراون بەتایبەتی ئەو بەرپرسانەی پۆستەکانیان ھەمیشەیین.
دەشڵێت،  بینیمان لە میھرەجانی نەینەوا کورد بە مەبەست پشتگوێ خرا، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە نیەتێک ھەیە زێدەڕۆیی بکەنە سەر مافەکانی کورد لەم پارێزگایە.
لە سنووری پارێزگای نەینەوا پارتی نۆ ئەندامی لە پەرلەمانی عێراق و چوار ئەندامی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ھەیە.
قائید میرۆ