Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

راوێژکارێکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان: ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کاریگەری ھەبووە"

ھەولێر-KDP.info- دوای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کرانەوەیەک ھەیە لەنێوان ھەرێم و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم و دەنگەکانی کورد لە کەرکووک و نەینەوا و خانەقین گۆڕانکاریان پەیداکردوە. 

عەدالەت عومەر، راوێژکار لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" تا مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق بەتەواوەتی بەھەر سێ قۆناغەکەوە جێ بەجێنەکرێت کێشەکانی ئەو ناوچانەی کوردستانین و لەدەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن ھەر دەمێنن، ناوە ناوەش کێشەی نوێ سەرھەڵدەدات وەک ئەوەی لە رۆژانی کێشەی زەوی و زار لە سنووری زوممار پەیدابوو، ئینجا لە کەرکووک و نەینەوا و ناوچەکانی دیکە چەندین کێشە ھەن لە دامەزراندن بگرە تا کێشەی زەوی.

راوێژکاری دەستەی ناوچە کوردستانییەکان گوتی"  پێشتر ئیدارەی ھاوبەش ھەبوو لەناوچە کوردستانییەکان و بەداخەوە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئیدارەی ھاوبەش نەماوە، بەڵام ئێستا رەوشەکە ھەندێک باشترە و  دانوستان ھەیە لەنێوان ھەرێم و بەغدا، بەتایبەتی دوای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق .

عەدالەت عومەر جەختی کردەوە" گۆڕانکاری پەیدابووە لە دوای پرۆسەی ھەڵبژاردن، چونکە کورد رێژەیەکی زۆری دەنگەکانی لە نەینەوا و کەرکووک و خانەقین بەدەست ھێناوە و ھەبوونی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ئامادەبوونی کورد لەو ئەنجوومەنانە کاریگەری دەبێت لەسەر زۆر پرسە ناوچە کوردستانییەکان، ئەگەر پارێزگاری کەرکووک یەکلا بکرێتەوە کێشەکانی ئەو پارێزگایە تا رادەیەک چارەسەر دەکرێن.
قائید میرۆ