Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حکوومەتی فیدڕاڵ دوا مۆڵەتی داوەتە ئاوارەکانی شنگال

دھۆک-KDP.info-  بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دھۆک ئاشکرایکرد، زیاتر لە ٢٥ ھەزار خێزانی ئاوارەی شنگال لە ناو چواردە کەمپی دھۆکدا نیشتەجێن و دەشڵێ: حکوومەتی فیدڕاڵ ھەڕەشەی داخستنی کەمپەکان دەکات و دوا مۆڵەتی داوەتە ئاوارەکان.

پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان لە دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە سنووری پارێزگای دھۆک ١٤ کەمپی ئاوارەکانی شنگال ھەیە و زیاتر لە ٢٥ ھەزار خێزان لەنێو ئەو چواردە کەمپەدا نیشتەجێن، بەپێی بڕیارێکی حکوومەتی فیدڕاڵ دوا مۆڵەت بە ئاوارەکان دراوە تا ٣٠/٧/٢٠٢٤ کەمپەکان بەجێی بێڵن، سێ مەرجی داناوە بۆ ئاوارەکان یان کەمپەکان بەجێی بێڵن و بگەڕێنەوە شنگال یانیش ھەر لە پارێزگای دھۆک نیشتەجێبن و لەناو کەمپدا نەمێنن، یانیش بچنە پارێزگایەکی دیکەی عێراق، لەبەرامبەر چۆڵکردنی کەمپەکانیش بۆ ھەر خێزان چوار ملیۆن دیناری عێراقی خەرج دەکرێت.

بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دھۆک گوتیشی: ئاوارەکان ئامادەنین کەمپەکان بەجێی بێڵن، چونکە بەھۆی ناسەقامگیری ناوچەکانیان ناتوانن بگەڕێنەوە شنگال و ڕێککەوتنی شنگالیش نەچووەتە بواری جێبەجێکردن.

پیر دەیان جەعفەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: حکوومەتی عێراق ھەموو ھاوکاریەکی لەسەر کەمپەکان بڕیوە، بەپێی سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش کەس بە زۆر لەنێو کەمپەکان دەرناکرێت، چونکە ڕەوشی ناوچەکانیان لەڕووی سەقامگیرییەوە ئاڵۆزە و ئاوارەکان دڵنیانین لە پاراستنیان تا بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، لەبەر ئەوەش ئێمە وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتی ناتوانین بەزۆر کەمپەکان دابخەین و ئاوارەکان سەرگەردان بن.

قائید میرۆ