Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی بۆ KDP: ھەموومان ڕۆڵی سەرۆک بارزانی بەرز دەنرخێنین

تورکیا-KDP.info- سینان چفتیۆرەک، ئەندامی دەم پارتی دەڵێت، سی ساڵە لە ناوچەکە لە نێوان چەندین وڵاتاندا شەڕوپێکدادان ھەیە و ھەندێک جار شەڕ دەچێتە وڵاتانی دیکەشەوە و ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ھەموو ناوچەکە ھەیە، کوردستانیش بەشێکە لەو گەمە ھەرێمیە کە ناوچەکە تێیکەوتووە و بەشێکی وڵاتان دەیانەوێت لە پرسی کوردستان بدەن، چونکە لە ژێر ھەر بەردێکی ناوچەکە پرسی کورد ھەیە و دەبێت بە ئاگا و ژیرانەوە مامەڵە لەگەڵ پرسەکە بکەن. 

سینان چفتیۆرەک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کۆتا لێدوانی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە گوتی، ھیچ ڕێکخراوێکی تیرۆری لە کوردستان بوونی نیە ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە کە چەندین ساڵە شەڕێکی سارد لە نێوان دوو پارتی سەرەکی کوردی دا ھەیە و پێویستە ئەم شەڕە نەمێنێت و ئەم لێدوانەی ڕێبەر ئەحمەد دەستپێکێکە بۆ نەمانەوەی ئەم شەڕە ساردە و وڵاتانی ئەقلیمیش ئامانجی نەھێشتنی ستاتۆیەکانی ھەرێمەکانی کوردە بۆیە دەبێت کوردەکان یەکگرتووبن".

ناوبراو گوتیشی: "ئەوەی پێویستە کوردەکان زیاتر یەکگرتووبن بە کردار نەک بە قسە و دەبێت لە باشوور ھەردوو پارتە سەرەکیەکان یەکگرتوو بن بۆ ئەوەی بتوانن بەرانبەر ئاستەنگەکان بوەستن و لە باکووریش ھەمووی بتوانن یەکێتی خۆیان بپارێزن".

ھاوکات ئاماژەیشیدا: "دەبێت سنوورەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا باشتربێت، ھەروەھا لە باکووری کوردستان نەورۆزی ئەمساڵ پەیامێک بوو بۆ ئەوەی حکوومەتی تورکیا بتوانێت لەگەڵ کوردەکان کێشەی کورد لە نێوخۆی تورکیادا لە وان و ئامەد چارەسەر بکەن و لە ٣١ ئاداردا کوردەکان زیاتر لە ٨٠ شارەوانیان بەدەستخستن و بەڵام ھەندێک قەیوم دانران دواتر بە ڕێگای دیموکراسییەوە توانیمان بەدەستیبخەین".

ئەندامەکەی دەم پارتی دەشڵێت: "ھەموومان ھەبوون و ڕۆڵی سەرۆک مەسعوود بارزانی بەرز و بڵند دەنرخێنین، چونکە تەمەنی تەنیا ١٣ ساڵ بوو سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشمەرگە بوو، زیاتر لە ٦٠ ساڵ ئەزموونی سیاسیشی ھەیە، نەک تەنیا ئەزموونی پێشمەرگایەتی ھەیە، بگرە ئەزموونی دیبلۆماسی و پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و دیبلۆماسی نێودەوڵەتی، گرنگترین شتیش ئەوەیە سەرۆک بارزانی وتویەتی تا ماوم ناھێڵم شەڕی براکوژی نێوان کورد و کورد ڕووبدات، ئەم سیاسەتەش زۆر گرنگە نەک تەنیا بۆ باشوور، بگرە بۆ ھەموو کوردان گرنگە، بۆیە داواکاریمان لە  سەرۆک بارزانی ئەوەیە پشتیوانی گەورەی بۆ ھەردوو قەوارەی کورد ھەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا ھەر بەردەوامبێت لە دژی وڵاتانی داگیرکەر و ھەردوو بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و ساڵح موسلیم لە نێو گۆڕەپانی دیبلۆماسیدا زیاتر کاربکەن بۆ دۆزی کوردان".

 

کـاروان باعەدری