Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.

شاندەکە  پێکهاتبوو لە خاتوو ژیان شێخ سەلمان، سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتیی کورد و ئەڵمان  لە بەرلین،  دکتۆر دلێر ،سەرۆکی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە بەرلین  و سەید ئەحمەد، ئەندامی کۆمەڵە و بەرپرسی بواری وەرزشی لە کۆمەڵەی دۆستایەتیی کورد و ئەڵمان.         

ئامانجی سەردانەکە و بیرۆکە و پڕۆژەی ئایندەیان لە هەرێمی کوردستان بە هاوکاری دۆستانی ئەڵمانی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ئەم وڵاتە لە هەرێمی کوردستان بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە خستەڕوو.

ئەم ڕێکخراوە چاڵاکەی "ئەڵمانی - کوردی" بە هەماهەنگی لەگەڵ ژمارەیەک دامەزراوە و کەسایەتی شارەزای ئەڵمانی و کوردی بە نیازن ئەمساڵ  کۆمەڵێک چالاکی و پڕۆژە لە هەرێمی کوردستان لە بواری  گرنگیدان بە پرسی ئافرەتان، هاوکاریکردنی پەنابەران، لێکۆڵینەوە لە دۆخی مرۆیی و  ماف و ئازادییەکان، پێکەوەژیان و لێبووردەیی لە نێوان ئایین و نەتەوە و پێکهاتەکانی کوردستان، وەبەرهێنان و گەشەپێدان لە چەندین بواردا لەڕێگەی کارئاسانی و هاوئاهەنگی لەگەڵ مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی و چەندین دامەزراوەی حکوومی و دەزگای خێرخوازی  و پەیوەندیدار لە  هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن،  پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی  هەموو کارئاسانییەکیان خستەڕوو بۆ سەرخستنی پڕۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستان.

کۆمەڵەی دۆستایەتیی کورد و ئاڵمان لە ڕابردوو دا کۆنفرانس و چالاکی سوودبەخشی لە بەرلین بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی ئەڵمانیای فیدراڵ و هەرێمەکانی ئەم وڵاتە لە چەندین بواری جێی بایەخی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا ئەنجامداوە بۆ درووستکردنی پردێکی پەیوەندی بەهێزتر لە نێوان هەردوو کۆمەڵگای ئەڵمانیا و کوردستان کە ئێستا گەورەترین کۆمەڵگای کوردستانی لە تاراوگە لە کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ دەژین کە توانیویانە بە باشترین شێوە خۆیان بگونجێنن و پێبگەیێنن لە نێو ژینگەی سیاسی و کۆمەڵگای مەدەنی ئەم وڵاتە و هەوڵیان داوە هەرێمی کوردستان سوود لە پێشکەوتنەکان و پسپۆری دامەزراوەکان و هەرێمەکانی ئەڵمانیا و هەروا کوردانی تاراوگە وەربگرێت لە بواری گەشەپێدان، دیموکراسی، ئابووری، پەروەردە، گەشتوگوزار، تەندروستی.. لە چەندبن سێکتەری گرنگی تردا کە کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ پەیوەندییەکی بەهێز و دۆستانەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بنیادناوە و وەک وڵاتێک بەهێز و کاریگەر لە نێو ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا و ئەندام لە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی لە شەڕی تیرۆردا پشتیوانی و هاوکاری و ڕاهێنانی پێشکەش بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کردووو بۆ سەرکەوتن و شکستپێهێنانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و بنبڕکردنی تیرۆر و توندوتیژی و پشتیوانیکردن لە ئەزموونی سیاسی و دیموکراسی و گەشەپێدان و سەقامگیری و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان.