Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھەوراز عەبدولقادر: بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار بۆ مووچەی ئەم توێژە زیاد دەبێت

ھەولێر  _KDP.info_ بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت، گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت.

ھەوراز عەبدولقادر، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت و زیاتر لە ١٣ ھەزار خاوەن پێداویستی تایبەتی دیکەش ھەموو ڕێکارەکانیان تەواوکردووە و چاوەڕێی فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانین بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگانەیان، چونکە لیژنەی پشکنین و ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانیان تەواوبووە و وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی لە ھەوڵدایە بۆ خەرج کردنی مووچەکانیان.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دەشڵێت: لە ھەرێمی کوردستان مووچەی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت ١٥٠ ھەزار دینارە بەگوێرەی یاسای کەمئەندامان، بەڵام ئێستا پڕۆژەیەک لە پەرلەمانی عێراق ئامادەکراوە و بەگوێرەی پڕۆژەکە ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت.

ھەوراز عەبدولقادر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەگەر پڕۆژەکە لە عێراق بخرێتە بواری جێبەجێکردن ئەوە بێگومان داوا دەکەین کە کەمئەندامانی ھەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە تا مووچەکانیان زیاد ببێت، ئێمە وەکو وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیش ئامادەین بۆ ڕێکخستنەوەی لیستی مووچەی کەمئەندامان و لەکاتی زیادکردنی مووچەکانیان ھاوکاریان دەبین.

قائید میرۆ