Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"لە ھەرێم وەبەرھێنەری بیانی بەسەرمایەی نزیکەی ١١ملیار دۆلار پڕۆژەیان ئەنجام داوە"


ھەولێر _KDP.info_ گوتەبێژی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاسانکاری زۆر باشی بۆ وەبەرھێنەری بیانی کردووە، ئێستا وەبەرھێنەرانی بیانی ٥٠ پڕۆژەیان بە سەرمایەی نزیکەی ١١ملیار دۆلار لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام داوە.


بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای سەردانی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ پاریس و ڕۆما لەگەڵ دامەزراوە تایبەتەکانی وەبەرھێنان و سەرمایەداران کۆبووینەوە و بڕیاردرا ژمارەیەک وەبەرھێنەری ھەرێمی کوردستان سەردانی پاریس و ئیتاڵیا بکەن و ڕێککەوتنی لێکتێگەیشتن و بازرگانی ئیمزا بکرێت و دواتر ئەوان بێنە ھەرێمی کوردستان، بۆیە بڕیارە شاندێکی فراوانی ھەرێمی کوردستان سەردانی چەند وڵاتێکی ئەوروپا بکەین، وەکو فەرەنسا و ئیتاڵیا، لەگەڵ ئەوان ڕێککەوتن بکرێت لە بواری ئابوری و بازرگانی.
بەرگەشت ئاکرەیی گوتیشی: کۆمپانیای بیانی لە ھەرێمی کوردستان ھەن، بەڵام ئێمە دەمانەوێت زیاتربن، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ ھەموو کونسولخانەکانی لە ھەولێر ھەن پەیوەندیمان ھەیە بۆ ئەوەی وەبەرھێنەری ئەوان بێنە  ھەرێمی کوردستان، چونکە حکوومەت ئاسانکاری باشیان بۆ دەکات وەکو باجی گومرگی و ھەندێک ئیمتیازاتی باش، بۆ ئەوەی بێنە ھەرێمی کوردستان کار بکەن.
ئاکرەیی باسی لەوەش کرد: وەبەرھێنەری بیانی لە ھەرێم ٥٠ پڕۆژەیان هەیە، سەرمایەشیان دەگاتە نزیکەی ١١ملیار دۆلار، هاوکات پڕۆژەی ھاوبەشیشمان ھەیە سەرمایەیان دەگاتە ملیارێک و ٥٠٠ملیۆن دۆلار، ئێستا وەبەرھێنەری ئەمەریکایی چوار پڕۆژەی تایبەت بەخۆیان لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەن بە سەرمایەی ١٢٠ملیۆن دۆلار و پڕۆژەی ھاوبەشی ئەمەریکا و وەبەرھێنەری ناوخۆییش سێ پڕۆژەن سەرمایەکەی دەگاتە ٣٢٠ملیۆن دۆلار، پار بارزگان و وەبەرھێنەری ئەوان ھاتبوونە ھەرێمی کوردستان، ئەمساڵیش وەبەرھێنەر و لایەنی حکوومی سعودییە دێنە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پڕۆژەی ھاوبەش و ڕێککەوتنی ھاوبەش ئەنجام بدەن.

بڵند ئیبراھیم