Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی بەبۆنەی (٦٥)ەمین ساڵیادی دەرچوونی ڕۆژنامەی خەبات

ھەولێر-KDP.info- بەبۆنەی (٦٥)ەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی خەباتەوە، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرنووسەر و ئەندامانی ستافی نووسین و کادیر و کارمەندانی ڕۆژنامەی خەبات دەکات.

دەقی پیرۆزبایی پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی بەبۆنەی (٦٥)ساڵیادی دەرچوونی ڕۆژنامەی (خەبات)

ھەڤاڵانی بەڕێز سەرنووسەر و ئەندامانی ستافی نووسین و کادیر و کارمەندانی ڕۆژنامەی (خەبات).

ئەمڕۆ(٦٥)یەمین ساڵوەگەڕی بە ئاشکرا دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (خەبات)ە، کاروانی پڕ بەخششی ئەو ڕۆژنامەیە مایەی شانازی ڕۆژنامەگەری کوردیمانە، کە لە ڕێرەوتی ڕاگەیاندن و میدیای کوردیدا جێدەستی ڕوون و بەرچاوە بۆ خزمەتگەیاندن بە بواری ڕۆشنبیری و کولتووری نەتەوەیی و نیشتیمانیمان.

ڕۆژنامەی (خەبات) وەکو یەکەمین ڕۆژنامەی ڕۆژانە و زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێکە لە دەستکەوتە گرنگەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان، لەو ڕوانگەیەوە ھەمیشە و لە قۆناغە جیاجیاکاندا خزمەتێکی زۆری پێکەوەژیان و ئاشتەوایی کردووە، ھەروەھا سەکۆی داکۆکیکردن بووە لە پرەنسیپەکانی دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕین و بڵندگۆی بێ جیاوازی سەرجەم ڕۆشنبیران و نووسەران و  ڕۆژنامەنووسان بووە.

ڕۆژنامەی (خەبات) خاوەن تایبەتمەندییەکی جیاو دیاری پیشەوەرانە و ڕۆژنامەوانییە و ئەو ڕێبازەی خۆی پاراستووە بە پەیڕەوکردنی بنەما و ئیتیکی ڕۆژنامەگەریی و گرتنەبەری ئاراستەیەکی ڕاست و دروست و ڕەوان بۆ ڕەخساندنی زەمینەیەکەی ئازاد و ڕاستگۆیانە بۆ  گەیاندنی پەیامەکەی بە خوێنەرانی.

لەلایەکی دیکەوە ئەو ڕۆژنامەیە لە گەیاندنی پەیامی ڕۆژانەی خۆیدا سەرکەوتوو بووە بەو پێیەی خاوەن ستراتیژ و پلان و ستافێکی شارەزایە و توانیویەتی وەک ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانە و لە ڕێگەی پێگەی فەرمی خۆی و ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکانەوە خزمەتێکی زۆری پرسە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەدەبییەکان بکات.

لە ساڵیاد و ئەو بۆنە پیرۆزەدا پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و خوێنەرانی ڕۆژنامەکە دەکەین و کار و چالاکی و ڕۆڵی گرنگتان بەرز دەنرخێنین، جارێکی دیکە پشتیوانی خۆمان بۆ بەرەوپێشچوونی ڕۆژنامەی (خەبات) دووپات دەکەینەوە و ھیوادارین بۆ لەمەودواش بە ھەمان گیانی لەخۆبردوویی و دڵسۆزانە لە ئەرکی پیرۆزتان بۆ تۆمارکردنی سەروەرییەکان و دیکۆمێنتکردنی ڕووداو و ھەنگاو و دەستکەوتەکان بەردەوامبن و، ھەمیشە جێدەستتان بەسەر پانتایی میدیا و ڕۆژنامەوانیدا فراوانتر و کاریگەرتر بێت.

سڵاو و دروود بۆ گیانی کەسایەتی و نووسەر و کادیر و ڕۆژنامەنووسانی پێشەنگ، کە دڵسۆزانە و بوێرانە ئەو  کاروانە شکۆدارەیان بەئەمڕۆ گەیاند.

ھەردەم بەرزو پیرۆز بێت (٦٥)ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی(خەبات)

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
٤ـی نیسانی ٢٠٢٤