Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"بە سەرمایەی زیاتر لە ٧٠ملیار دۆلار لە ھەرێم مۆڵەت بە پڕۆژەکان دراوە"

ھەولێر _KDP.info_ گوتەبێژی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی: لەم کابینەیە بە سەرمایەی زیاتر لە ٧٠ملیار دۆلار مۆڵەت بە پڕۆژە دراوە و ٩٠ھەزار ھەلی کاریش بۆ خەڵکی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ڕەخساوە.


گوتەبێژی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بەرگەشت ئاکرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە ھەرێمی کوردستان ڕێنمایی دەرچووە ھەر پڕۆژەیەک ئەنجام بدرێت پێویستە ٧٥%ی کرێکارەکانی ناوخۆیی بن و تەنیا ٢٥%ی بیانی بن ئەوەش بەپێی پێویستی پڕۆژەکان، تاوەکو کرێکاری ناوخۆ ھەبێت پشت بە کرێکاری بیانی نابەسترێت، ئەمەش وای کردووە دەرفەتی کار بۆ کرێکاری ناوخۆ زیاتر بڕەخسێت، تەنیا لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەپێی ئاماری بەردەستی ئێمە  ٩٠ھەزار ھەلی کاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ڕەخساندووە، ئێستا مەرجە بۆ پڕۆژەکان ئەو ڕێنماییە جێبەجێ بکەن و بەردەوامیش چاودێری دەکەین بۆ ئەوەی کرێکاری ناوخۆ زیاتر سوودمەندبن.
بەرگەشت ئاکرەیی گوتیشی: ھەر لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تا ئێستا ئەو پڕۆژانەی پێشکەش کراون ٢ھەزار و ٣٠٥ پڕۆژە بووە و ئەوانەی پەسەندکراون ھەزار و ٣٤٦ پڕۆژە بووە بە سەرمایەی ٧٠ملیار و ٧٠٦ملیۆن دۆلار و ٤٥٥ھەزار و ٧٨٢دۆلار، ئەوانەی پەسەند نەکراون ٢٠٢ پڕۆژە بوونە بەھۆی کەموکوڕی و پێویست نەبوون، ئەوانەی بڕیاریان لێ نەدراوە ٥٢٧ پڕۆژەن.
ئاکرەیی باسی لەوەش کرد: بەھۆی ئەو ڕێنماییانەی دەرکراون ڕێژەی کرێکاری بیانی لە ھەرێم کەمبووەتەوە و کرێکاری ناوخۆش زیاتر ھەلی کاریان بۆ رەخساوە، ھەر لەبەر ئەوەش مەرج بۆ پڕۆژەکان دانراوە  پێویستە ڕێژەی کرێکاری ناوخۆیی لە ٧٥%ی کەمتر نەبێت.

بڵند ئیبراھیم