Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھەشت بەنداو لە دھۆک لەژێر جێ بەجێکردنن

دھۆک _KDP.info_ بەڕێوەبەی ئاودێری پارێزگای دھۆک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لە سنووری پارێزگای دھۆک ھەشت بەنداو لەژێر جێبەجێکردنن، دەشڵێ: ئەمساڵ زۆربەی بەنداوەکانی دھۆک پڕ ئاو بوونە.

ھێژا عەبدولواحید، بەڕێوەبەری ئاودێری دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە سنووری پارێزگای دھۆک ٥٨ بەنداو ھەن و بەھۆی باران بارینی ئەمساڵەوە زۆربەی بەنداوەکان سەرڕێژ بوون، واتە ٩٠%ی بەنداوەکانی دھۆک پڕبوونە، بەتایبەتی بارانی ڕۆژانی ڕابردوو کاریگەری لەسەر زیادبوونی ئاوی بەنداوەکان ھەبوو ھەرچەندە زیانیشی بە ھەندێ بەنداو گەیاندووە، چونکە لە ماوەیەکی کەمدا زیاتر لە ٢٠٠ ملم باران باریوە.
بەڕێوبەری ئاودێری دھۆک گوتیشی: سروشتی سنووری پارێزگای دھۆک زۆر گونجاوە بۆ دروستکردنی بەنداو، بۆیە بڕیار دراوە ژمارەیەک بەنداوی دیکە لە سنووری پارێزگای دھۆک دروست بکرێن، چونکە ئەو بەنداوانە سوودی زۆریان ھەیە جگە لە گلدانەوەی ئاو و کاریگەرییەکانی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاری ھۆکارێکە بۆ پاراستنی شارەکان لە دروستبوونی لافاو.
ھێژا عەبدولواحید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئێستا ھەشت بەنداو لە سنووری پارێزگای دھۆک لە قۆناغی جێبەجێکردندان ، لەدوای تەواوبوونی ئەو ھەشت بەنداوەش قۆناغی دیکە بەڕێوەیە بۆ دروست کردنی بەنداوی زیاتر، سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە گرینگی تایبەت بە کەرتی ئاو بدات لەوانەش دروست کردنی بەنداو.

قائید میرۆ