Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕێبین ئەحمەد: لەم کابینەیە رێژەی سەوزایی لە ھەولێر گەیشتۆتە ٢٠%

ھەولێر _KDP.info_ بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی ھەولێر گوتی: لە ھەولێر بەردەوامین لە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی، ئێستا ڕێژەکە گەیشتۆتە ٢٠% و بەردەوامیش پارک و باخچەی تازە دروست دەکرێن، لە شەقامە گشتییەکانیش گوڵ دەچێنین و سەوزیان دەکەین لەپێناو زیاتر کردنی ڕێژەی سەوزایی.

ڕێبین ئەحمەد ، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پاتری دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دا پارکێک لە گەڕەکی ژیان لە ھەولێر دروست بکرێت، ئێستا دەست بە دروستکردنی کراوە و کاری تێدا دەکرێت و خەریکی دروستکردنی سیاجین بۆ پارکەکە لەسەر ڕووبەری ١٧دۆنم زەوی کە ملیارێک و ٤٦ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە، بۆیە ئێستا دوو بڕگەی پارکەکە دروست کراوە.
ڕێبین ئەحمەد گوتیشی: بە تەواوبوونی ئەو پارکە ژمارەی پارکی گەورە دەبێتە ٢١ پارک، چونکە لە ھەولێر نزیکەی ٥٠٠ باخچە و پارک و سیاج هەیە، بۆیە ئەمەش ھەنگاوێکی باشە بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لەبەر ئەوەی ئێستا ڕێژەی سەوزایی لە کابینەی نۆیەم لە ١٧% بۆ ٢٠%زیادی کردووە و بەردەوامیش کار دەکەین بۆ ئەوەی ڕێژەکە زیاتر بێت، چونکە بەھۆی گۆڕانی کەش و ھەوا پێویستە ڕێژەی سەوزاییش زیاتر بکرێت، بۆیە ئێستا خۆمان دار و گوڵ بەرھەم دێنین و دەچێنین، ھەڵمەتێکیشمان دەست پێکردووە و ھەزار و ٢٠٠گوڵ لە شەقامی ٦٠مەتری و شەقامە گشتییەکان دەچێنین.
دەشڵێت: لە ساڵی ١٩٩٠ ڕێژەی سەوزایی کەمبوو، بەڵام ژینگە پاکتر بوو، ئێستا بەھۆ ئەوەی کارگە و ئۆتۆمبێل زۆرە ژینگە وەکو ئەوکات خاوێن نییە، بۆیە پێویستمان بە سەوزایی زیاترە بۆ ئەوەی بتوانین ژینگەی ھەولێر زیاتر پاک بێت، ئێمەش ھەموو ھەوڵێکی خۆمان دەدەین و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ھاوکار و پاڵپشتمانە.

بڵند ئیبراھیم