Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

یەکەمین مانیڤێستی هەڵبژاردن و دەریچەیەک بۆ چارەسەر

سالار عوسمان 

ئەڵقەی شەشەم 

ڕۆشنبیران چییان کرد و چییان دووریەوە؟ 

لەنێو ئەو هەموو پرس و بابەت و مژارە سیاسییانەدا، کە پەیوەستن بە ژیانی هەمووانەوە، ڕۆشنبیرانی کورد چییان کرد و چییان دووریەوە؟.. پرسیارێکی گرنگە و هەقە دوای سی و سێ ساڵ لە تێپەڕبوونی ڕاپەڕین هەڵوەستەیەک بکەین و بە هێمنی وەڵام بدەینەوە.

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستمان بە گفتوگۆیەکی هێمن و ئارام هەیە، باشترین گفتوگۆش ئەوەیە، کە دەستپێک ڕۆشنبیران لەنێوخۆیاندا ئەم گفتوگۆیە بکەن، بۆ؟.. چونکە تا ئێستێ ڕۆشنبیران لەنێوخۆیاندا نەیانتوانیوە گفتوگۆیەکی بەرهەمدار بکەن و ئەم بەرهەمدارییە بکەن بە گوشارێکی سپی پێخەمەت ژیانێکی باشتر، کە ئەمەشیان هۆکاری خۆی هەیە، گرینگترینیان تەرەفگیریی ڕۆشنبیرەکانە لە پرس و هەڵوێستە سیاسییەکاندا.

بۆ ئەوەی دەرازینگی گفتوگۆکەمان ڕۆشن بێت، پێویستە پێناسەی ڕۆشنبیر بکەین، باشترین پێناسە، کە بگونجێ لەگەڵ ئەم پرس و بابەتە ئەمەیە: ڕۆشنبیر ئەو بوونەوەرە بیرکەرەوە ناڕازییە پۆزەتیڤەیە، کە لە پێناو چاکەی گشتیدا کار دەکات و دەیەوێ ژیان باشتر بێت.

بۆ ئەوەی زەڵاڵتریش گفتوگۆی یەکتر بکەین، دەبێ جۆرەکانی ڕۆشنبیر دەستنیشان بکەین، کە لێرەدا و بۆ ئەم باسەی ئێمە دەبن بە (دوو)جۆر:

ـ ڕۆشنبیری حزبی، بە گشت جۆرەکانییەوە : (ڕۆشنبیری حزبیی حوکمڕان، ڕۆشنبیری حزبیی ئۆپۆزیسیۆن، ڕۆشنبیری حزبیی ناکارا)

ـ ڕۆشنبیری ناحزبی، بە گشت جۆرەکانییەوە:(ڕۆشنبیری ناحزبیی لایەندار، کە لایەنداریی حزبێکە، ڕۆشنبیری ناحزبیی بێلایەن، کە لایەنداریی هیچ حزبێک ناکات).

دوای ئەم پۆلێنە خێرایە، دەبێ ئەوەش بڵێین، کە ڕۆشنبیر بێلایەن نییە لە هیچ پرسێکی ژیان، کە سیاسەتیش وا لەنێو ژیاندایە. بۆیە ئەم پرسە هەم لق و چڵدارە و، هەمیش پرسێکی ئیشکالییە و دەبێ ناماتماتیکییانە لێی بڕوانین.

ئێمە لێرەدا باس لە سەرجەم جۆرەکانی ڕۆشنبیر دەکەین، باسکردنێک هەم ڕۆڵبین بێت و هەم ڕەخنەگرانە ڕوانگەکانی خۆی مەترەح بکات، واتە بابەتییانە و کۆکەرەوە، چونکە یەکێ لە ئەرکەکانمان ئەوەیە کۆکەرەوە بین نەک پەرتکەر.

پێناسەکە پێمان دەڵێت: ڕۆشنبیر بوونەوەرێکی بیرکەرەوەیە، بە واتایەکی تر وەرگرێکی بێدەسەڵات نییە و بیرکردنەوەکان بە ئامادەکراویی وەرناگرێت، ئەگەر جۆرێک لە بیرکردنەوەی سائید و چەسپاویش هەبێت، هەوڵ دەدات گۆڕانکاریی و زیادکاریی تێدا بکات، واتە بیردەکاتەوە، دەیەوێت وەک خۆی هەبێت و بەشدار بێت لە جۆر و چەشنی بیرکردنەوە و گۆڕانکارییەکاندا.

هەر لە پێناسەکەدا هاتووە، کە ڕۆشنبیر ناڕازییە، واتە دەیەوێت لە ڕێی ناڕەزاییی خۆی تێگەیشتنێکی نوێ پێشکەش بکات، بەڵام بۆ چی و لە پێناو چی و چۆن؟ 

تا ژیان باشتر بکات، تا پۆزەتیڤانە بەشدار بێت و ناڕەزاییەکانی ببن بە پڕۆسە و بنیاتنان، کەواتە ڕۆشنبیر چاکەی گشتی مەتڵەبە، دەیەوێت ژیان باشتر بکات، بۆیە بیردەکاتەوە، بۆیە ناڕازییە، بۆیە پۆزەتیڤە و، هەمیشە وا له نێو ژیاندایە.

ــــــــــــ

ماویەتی