Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیژنەیەکی چاودێری بۆ پڕۆژەکانی وەبەرھێنان پێکھاتووە

سلێمانی-KDP.info- گوتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان ئاشکرایکرد، لە کابینەی نۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کێشەی پڕۆژە ھەڵواسراوەکان چارەسەرکراوە و دەڵێ: لیژنەیەکی چاودێری بۆ پڕۆژەکان پێکھاتووە.

یاسین مەحموود، گوتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: چەند وەبەرھێنەرێک دوای گرێبەست لەگەڵ ھاوڵاتیان خۆیان ونکردووە و پڕۆژەکەی بە ھەڵواسراوی بەجێھێشتووە، وەک وەبەرهێنەران سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین چونکە لە سەردەمی کابینەی نۆ کێشەی چەندین پڕۆژەی چارەکردووە و بەشێک لەو پڕۆژانە لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕادەستی خاوەنەکانیان دەکرێن.

گوتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەران گوتی: پێویستە چاودێری وردی ئەو پڕۆژانە بکرێت بۆ ئەوەی مافی ھاووڵاتییان پارێزراوبێت، چونکە ناکرێت ھاووڵاتی بەشداربێت لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون و ٢٠ ساڵ چاوەڕێی وەبەرھێنەر بکات بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکەی.

یاسین مەحموود ڕوونیکردەوە: زۆربەی زۆری کێشەی ئەو پڕۆژانە چارەسەرکراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەت لیژنەیەکی چاودێری وردی داناوە بۆ چاودێریکردنی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان، ئێمەیش ھاوکاریان دەبین بۆ ئەوەی بتوانین بە ھەموومان چاودێری پڕۆژەکانی وەبەرھێنان بکەین و ئەو دیاردەیەی پێشتر ھەبوو دووبارە نەبێتەوە.

قائید میرۆ