Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فوئاد حوسێن: هەوڵدەدەین لە داهاتوودا لەگەڵ نەوت غازیش هەناردە بکەین

ئەنتاڵیا-KDP.info- جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، دۆخی ئاسایش کاریگەری گەورەی لەسەر ئابووری عێراق هەیە. باس لەوەش دەکات، "لە چەند ساڵی داهاتوودا غاز هەناردەی دەرەوە دەکەین".

ئەمڕۆ شەممە، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسی دیپلۆماسی ئەنتاڵیا رایگەیاند، دۆخی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، کاریگەری گەورەی لەسەر ئابووری عێراق بە شێوەیەکی گشتی هەیە.

فوئاد حوسێن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵدەدەن لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا لەگەڵ نەوت، غازیش هەناردەی دەرەوە بکەن، بەڵام بۆ ئەم مەبەستە پێویستییان بەوەیە پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەهێز بکەن.

لەبارەی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت تورکیا و ئێران کە دراوسێی وڵاتەکەن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەی خستەڕوو، پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ تورکیا و ئێران "زۆر بەهێزن".

19 سەرۆک و سەرۆکوەزیر، 73 وەزیر و زیاتر لە 70 سەرۆک و نوێنەری رێکخراو و ئاژانسی نێودەوڵەتی بانگهێشتی کۆنفرانسی دیپلۆماسی ئەنتاڵیا کراون.