Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پشتیوان سادق: ئاسۆی ئاییندەمان زۆر گەش و رووناکە

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە، لە بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر، بەسەرپەرشتی دکتۆر پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر و بە ئامادەبوونی چیا هەرکی یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب، لەگەڵ بەرپرس و مامۆستایانی وەزارەتی خوێندنی باڵا کۆبونەوە. 

لە کۆبونەوەکەدا، دکتۆر پشتیوان سادق بە گرنگیەوە باسی لە ڕۆڵ و کاریگەری دیاری زانکۆ و پەیمانگاکان، لەنێو کۆمەڵگا وەک بەرزترین ناوەندی ئەکادیمی کرد، کە لە دەستخستنی زانست و مەعریفە و پێگەیاندنی تاک پێشەنگن. 

لە تەوەرێکی تری قسەکانیدا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێر، ڕایگەیاند لە سایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا خاوەن دەیان زانکۆ و پەیمانگاین، بە دڵنیاییەوە، بۆ هەموو سێکتەرەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ڕێزدار(مه‌سروور بارزانی)، بەرنامە و پلانی تۆکمە و گرنگی هەیە، ئامانجی سەرەکی خزمەتکردنی هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستانە. 

دکتۆر پشتیوان لە بەشێکی تری پەیڤەکەیدا، ئاماژەی بەوەکرد، لە رووی پەیوەندی نێودەوڵەتی و سیاسی و دبلۆماسی و ئابوری، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەرێمی کوردستان، بەرەوپێشەوە دەچێت، لە زۆربەی کۆڕبەند و کۆنفرنس و دیالۆگی نێودەوڵەتی « سەرۆکی حکوومەت» بەشداربوویەکی سەرەکیە.

هەر لە کۆبونەوەکەدا، دکتۆر پشتیوان بە ووردی لە سەر دواین پێشهات و بارودۆخی هەنوکەی کوردستان و عێراق و ناوچەکە قسەی کرد و، ئەوەی ڕاگەیاند بە دڵنیاییەوە ئاسۆی ئاییندەمان زۆر گەش و رووناکە، بۆیە پێویستە هەموومان، پابەندی بەها بەرز و باڵاکانی خاک و نیشتمان بین و، بە چەکی زانست خزمەت بە خەڵک و وڵاتەکەمان بکەین.