Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەفین دزەیی: پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ژاپۆن توند و تۆڵ و بەهێزن

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، دەرفەتی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان لەبەردەم كۆمپانیا و وەبەرهێنەرە ژاپۆنییەكاندا هەیە و دەرگایان كراوەیە بۆ وەبەرهێنەرە ژاپۆنییەكان. دزەیی گوتیشی: پێكەوە لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی توانیمان داعش لەناوبەرین، بەڵام هێشتا کارەکە تەواو نەبووە و هەڕەشەی داعشیش ماوە.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بۆنەیەكی تایبەتدا لە هەولێر، بەبۆنەی یادی رۆژی نیشتمانی ژاپۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ژاپۆن توند و تۆڵ و بەهێزن لە دوو رۆژی رابردوو كۆبوونەوە و گفتوگۆیەكی باشمان هەبووە لەگەڵ باڵیۆزی ژاپۆن، کە باسمان لە چۆنیەتی بەهێزتركردنی پەیوەندییەكانمان كردووە.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: پێویستمان بە ئاشتی و سەقامگیرییە، بەداخەوە ناوچەكە بەگشتی بە ئاڵۆزییەكدا تێدەپەرێت، هیوادارم ژیری بەسەر هێزی رەش و تیرۆر و تاریكیدا سەركەوێت.

ئاماژەی بەوەدا، پێكەوە لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی توانیمان داعش لەناوبەرین، هێشتاش كارەكە تەواو نەبووە و هەڕەشەی داعش ماوە و پێویست دەكات پێكەوە كاربكەین، بەڵام بە شێوازێكی جیاوازتر بۆ ئەوەی رێگە نەدەین هیچ جۆرە هێزێكی توندرەو و تیرۆر سەرهەڵبداتەوە.

سەفین دزەیی، گوتی: لەڕووی ئابووریشەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە و دەرفەتی زۆر باش هەن لە كوردستان بۆ كۆمپانیا ژاپۆنییەكان بۆئەوەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بكەن.

گوتیشی: ئەمڕۆ لەگەڵ جایكا گفتوگۆیەكی زۆر باشمان هەبوو لەمبارەیەوە، دەرگامان كراوەیە بۆ كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ژاپۆنی و دەرفەتی زۆر باشیش هەن لە هەرێمی كوردستان.