Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پسپۆرێک: ھەژماری من ھەنگاوێکە بۆ بنیادنانی حکوومەتی ئەلیکترۆنی

پڕۆژەی دروستکردنی ھەژماری من لە ھەردوو پارێزگای دھۆک و سلێمانی دەستی پێکردووە و مامۆستایەکی زانکۆی دھۆک پێی وایە، دروستکردنی ھەژماری من بۆ فەرمانبەران ھەنگاوێکە بۆ گەییشتن حکوومەتی ئەلیکترۆنی و دەشڵێ: دروستکردنی ھەژماری من کاریگەری لەسەر دابەشکردن و ڕێکخستنەوەی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان دەبێت. 

 

د.ھلوڤان حوسنێ، پسپۆری ئابووری و مامۆستای زانکۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پڕۆژەی ھەژماری من یەکێکە لە پڕۆژە  گرینگەکان بۆ ھەرێمی کوردستان و لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییان و فەرمانبەراندایە، چونکە بە ئەلیکترۆنی کردنی ھەر کارێک خۆ گونجاندنە لەگەڵ ئەو پێشکەوتنەی تەکنەلۆژیای نوێ و سیستمی زیرەک کە ئەمڕۆ لە جیھان سیستمێکی باوە. 

 

ئەو پسپۆرەی ئابووری ڕوونیکردەوە: ھەژماری من بەشێکە لە پڕۆژەی بەئەلیکترۆنی کردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھەنگاونان بۆ دروستکردنی حکوومەتێکی پێشکەوتووی ئەلیکترۆنی کە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر لە سەرەتای دروستکردنی کابینەی نۆوە کاری لەسەر دەکات. 

 

د.ھلوڤان حوسنی دەڵێت: پڕۆژەی ھەژماری من بابەتی نەھێشتنی گەندەڵی لە مووچە و نەھێشتی دوو مووچەیی و چەندین سوودی دیکەی ھەیە، لەلایەکی دیکەوە ڕێکارەکانی دابەشکردنی مووچە لە ھەرێمی کوردستان ڕێکدەخات، ھەروەھا بابەتی دارایی پەیدابوونی سویلەی باشتر بۆ ھەرێم، چونکە زۆر کەس لەوانەیە  لەکاتی خۆیدا مووچە وەر نەگرێت و پێویستی پێی نەبێت، ئەمەیش دەبێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی بەردەوام پارە لەبەردەست بێت.  

 

قائید میرۆ