Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د.محەمەد شوکری: لوتکەی جیھانی دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ھانی وەبەرھێنەری بیانی بدەین بێنە ھەرێم

ھەولێر _KDP.info_ سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان گوتی: بەشداریکردنی سەرۆکی حکوومەت و شاندی یاوەری لە لوتکەی جیھانی حکوومەتەکان لە ئیمارات گرنگی زۆری ھەیە بۆ ئەوەی باسی دەرفەتەکانی خۆمان بکەین بۆ ئەوەی وەبەرھێنەری بیانی بێن لە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان بکەن. 

 سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، د.محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بەشداریکردنی سەرۆکی حکوومەت و شاندی یاوەری لە لووتکەی جیھانی حکوومەتەکان لە ئیمارات زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی وەکو ھەرێمی کوردستان بتوانین خۆمان بە جیھان بناسێنین و دەرفەتی زیاتری وەبەرھێنانی بیانی بۆ خۆمان لەو ڕێگەیەوە بڕەخسێنین و ھانی وەبەرھێنەری بیانی بدەین بێن لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان ئەنجام بدەن. 

د.محەمەد شوکری گوتیشی: سەرۆکی حکوومەت و شاندی یاوەری سێ ڕۆژ دەمینێنەوە و لە میانەی سەردانەکە بەشداری زۆر تەوەر و پانێلی لووتکەکە دەکەن، ئێمەیش وەکو دەستەی وەبەرھێنان بەشداری لە پانێلێکی تایبەت بە بواری وەبەرھێنان دەکەین و باسی دەرفەتی خۆمان بۆ وەبەرھێنەرانی بیانی دەکەین، چونکە زۆرینەی تەوەرەکانی ئەو لووتکەیە ئابوورین، بۆیە بڕیارە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی بەشداربوو ئەنجام بدات. 

دەشڵێت: ئەو لووتکەیە زۆر گرنگە زۆرینەی سەرکردە و وەزیر و حکوومەتەکانی جیھان تێیدا بەشدارن، بۆ ئێمەش گرنگە خۆمان بە خەڵک بناسێنین و دەرفەتی بازرگانی و وەبەرھێنان لێرە باس بکرێ، بۆیە ئەوە دەرفەتێکی زۆر گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان لەڕووی ئابووری، چونکە لەو لووتکەیەدا زیاتر باسی پرسی ئابووری دەکرێت. 

ئەمڕۆ ١١ەمین لووتکەی جیھانی حکوومەتەکان لە دوبەی دەستیپێکرد، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری بەشدارن لەو لووتکەیە کە ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت و نزیکەی ٢٥ سەرۆک و پادشا و ئەمیر و سەرۆکی حکوومەت بەشدارن و ٨٥ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و ٣٠٠ وەزیر و ١٢٠ شاندی حکوومیش لەو لووتکە جیھانییەدا ئامادەن 

 

 

بڵند ئیبراھیم