Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سعود مستۆ: دژی ھەموارکردنەوەی یاسایی رزگاربووانی دەستی داعشین

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی کاروباری کوردانی ئێزدی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھۆشداری دەدات لە ھەموارکردنەوەی یاسای رزگاربووانی دەستی داعش و دەڵێت، ھەر ھەموارکردنێک پێشێلکاریە بەرامبەر مافی کچ و ژنانی ئێزدی و دژی ھەموارکردنەوەی یاساکەین.

 

سعود مستۆ، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئێزدیەکان، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەگەر قوربانی دان و ھەوڵی کوردانی ئێزدی نەبوایە ئەوە یاسای رزگاربووانی دەستی داعش دەرنەدەچوو، لەبەر ئەوەش یاساکە لەسەر بنەمای ئەو قوربانیدانەی کوردانی ئێزدی ئامادەکراوە و پەسەند کراوە، یاساکە بە فشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ھەوڵێکی زۆری پەرلەمانتارانی کورد دەرچوو، ئێمە وەک کۆمەڵگەی کوردانی ئێزدی دژی ھەر ھەموارکردنێکی یاساکەین و بە دژایەتیکردنی پێکھاتەیەکی گرینگی کوردستان و عێراق دەزانین، بەتایبەتی پێشێلکاری مافی ئەو کچ و ژنانەی ئێزدیە کە لەدەستی تیرۆرستانی داعش رزگاریان بووە".

 

بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئێزدیەکان گوتیشی: "نایشارینەوە پەرلەمانی عێراق نیەتێکی خراپی ھەیە لە ھەموارکردنەوەی یاساکە و ئەگەرنا بەرواری٣-٨-٢٠١٤ دیاری کراوە بۆ ئەو کەسانەی سوودمەند دەبن لە یاساکە و پێکھاتەکانی دیکەی وەک شەبەک و کریستیان و سوودمەند دەبن لەچوارچێوەی یاساکەدا".

 

سعود مستۆ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "گەلی ئێزدی متمانەی لاوازە بەرامبەر بە حکوومەتی فیدڕاڵ و ئەو یاسایانەی دەرکراون، پێمانوایە یاساکە ھەنگاوێکی باشە بۆ قەرەبووکردنەوەی رزگاربووانی دەستی داعش و تا ڕادەیەک دەگەن بە مافەکانیان، بەداخەوەش پەرلەمانی عێراق وەک پەرلەمانەکانی دیکەی جیھان ئامادە نیە تەنیا کۆبوونەوەیەکی تایبەتیش بەڕێوەببات لەبارەی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی".

 

قائید میرۆ