Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھوشیار سیوەیلی سەردانی کونسوڵخانەی کۆریای باشووری لە هەولێر کرد

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی کونسوڵخانەی گشتی کۆماری کۆریای باشووری لە ھەولێر کردوو پاڵپشتی و ھاوکاری سەرکردایەتی پارتی و مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بۆ دووپات کردەوە.

 

ھوشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرۆکایەتی شاندێک سەردانی سیونگچێۆل لیم، کونسوڵی گشتی کۆریای لە ھەرێمی کوردستان کرد بە مەبەستی بەخێرھاتن و پیرۆزبای ئەرکی نوێی، لەو سەردانەدا بەناوی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و پاڵپشتی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دووپاتی کردەوە بۆ ھاوکاری و ھەماھەنگی کاروبارەکانیان لە ھەرێمی کوردستان.

 

سیوەیلی سوپاسی حکوومەت و گەلی کۆریای کرد بۆ ئەو ھاوکاریانەی لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا پێشکەشی کوردستانیان کردووە، بەتایبەت کۆمپانیا و بەرھەمە کۆریەکان ئێستا لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستاندا جێگای بایەخ و متمانەی خەڵکن.

 

ھاوکات سیونگچێۆل لیم، سوپاسی خەڵکی کوردستان بە گشتی و جەنابی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد بۆ پێشوازیە گەرم و بەخێرھاتنە کە لەوو ئەندامانی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کراوە لە ھەرێمی کوردستان و سەرسامی خۆی خستەڕوو بۆ ئەو پێشکەوتن و گەشەسەندنەی لەماوەی بیست ساڵدا بەرھەم ھاتووە، ھەروەھا کونسوڵی گشتیی گوتی، ئەم پێشکەوتنەی ھەرێمی کوردستان دەرخستنە ئەو ئیرادە بەھێز و خۆڕاگریەی خەڵکی کوردستانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو نەھامەتی و ناخۆشیانەی بەسەریاندا ھاتووە.

 

لیم باسی لە کار و بەرنامەی خۆیی کرد کە وەک ستراتیژ بۆ خۆی داڕشتووە لەماوەی کارکردنی لە ھەرێمی کوردستان کە سوود وەرگرتنە لە ئەزموونی خۆیی و سێکتەرە سەرکەوتووەکانی وڵاتی کۆریا و ھەرێمی کوردستان بۆ گەشەسەندنی ئابووری و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو نەتەوە.  

 

بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە پەیوەست بوو بە گفتوگۆ لەسەر دوایین پێشھات و ڕووداوەکانی جیھان و ناوچەکە کە کاریگەریان دروست کردووە لەسەر ژیانی خەڵک و ئاڵۆزکردنی زیاتری گرفتە چارەسەر نەکراوەکان.

 

ھەروەھا پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان کۆریای باشوور و ھەرێمی کوردستان بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە بوو کە ھەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی فراوانبوونی کردووە کە تەواوی سێکتەرەکانی ژیان بگرێتەوە بەجۆرێک کە سوود بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان بگەیەنێت.