Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جۆرج بۆن: هەرێمی کوردستان دەبەینە خانەی هاوکارییە دەوڵەتییەکانەوە

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ بە مەبەستی ئاشنابوون بە کارەکانیان، دکتۆر جۆرج کریسبوون، سەرۆکی تازەی لقی عێراقی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان و ستافە کارگێڕییەکەی کۆ بووەوە.

لەدوای کۆبوونەوەکە، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە ئەوان کۆمەڵێک داواکارییان لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هەیە، سەرباری ئەوەی کە لەگەڵ عێراقدا بەشێکی هاوکارییەکانیان دەدرێت، بەڵام داوا دەکەن هەرێمی کوردستانیش وەکوو وڵاتێکی سەربەخۆ لە ڕیزبەندی کارەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیدا هەژمار بکرێت.

لە لای خۆیەوە، دکتۆر جۆرج کریس بۆن، سەرۆکی تازەی ڕێکخراوەکە لە عێراق، ئاماژی بۆ ئەوە کرد، کە ئەوان کار لەو چوارچێوەیەدا دەکەن و دەیانەوێت زیاتر دۆسیەی تەندروستیی عێراق و هەرێمی کوردستان پەرە پێ بدەن، بەتایبەتیش لە چوارچێوەی ئەو چالاکییانەی، کە بڕیاریان لێ داوە، هەرێمی کوردستان دەبەنە خانەی هاوکارییە دەوڵەتییەکانەوە، واتە وەکوو وڵاتێكی سەربەخۆ کاری لەسەر بکرێت و بتواندرێت بەو شێوەیەی پێویستە، هاوکارییەکانیان پێشکەش بکرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە هەرێمی کوردستان و عێراق کۆمەڵێک تایبەتمەندیی هاوکارییان هەیە، کە دەبێت ڕەچاوی ئەم تایبەتمەندییانەیان بکرێت، بەتایبەتیش تایبەتمەندییەکانی چەکە کۆکوژەکان و شەڕ و ئاوارە و ژینگە و بابەتی پەرەپێدانی مرۆیی.