Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فازڵ میرانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە ھەولێر کرد

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە ھەولێر کردوو باسیان لە گرنگی یەکڕیزی لایەنە کوردیەکان بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا کرد.

لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە پیرمام، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی، پێشوازی لە (یان برێم) کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە ھەولێر کرد.

لە دانیشتنێکدا فازڵ میرانی وێرای بەخێرھێنانی پیرۆزبایی لە (یان برێم) بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە ھەولێر و ھیوای خواست لە ئەرکە تازەکەیدا سەرکەوتووبێت.

ھاوکات فازڵ میرانی پەیوەندی دووقۆڵی لە نێوان فەرەنساو ھەرێمی کوردستان بە مێژوویی و زۆر سەرکەوتوو لە قەڵەم داو ڕۆڵی گەل و حکوومەتی فەرەنسا لە پشتیوانیکردنی گەلی کوردستان و ھەرێمی کوردستان بە گرنگ وەسف کردوو جێگای سوپاسە.

ھەروەھا فازڵ میرانی پوختەیەک لەسەر کوردستان و گەلی کوردستان و کوردستانیان پێشکەش کردوو دووپاتی کرد سەرەڕای ئاڵۆزیەکان ھەرێمی کوردستان شوێنی ھەرە سەقامگیرە لە ناوچەکەداو کێشەکانی نێوان بەغداو ھەولێر کێشەکە لەسەر جۆری ھزرکردنەوەو عەقلیەتی دەسەڵاتدارانی بەغدایە نەک کەسەکان و ئاریشەی ھەرە گرنگ پێشێلکردنی بڕگەکانی دەستووری عێراقە و جێبەجێ نەکردنی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە.

فازڵ میرانی ھاوڕیزی ھێزە سیاسیەکانی کوردستان بە گرنگی بۆ ئەم قۆناغە وەسف کرد، لەلای خۆیەوە (یان برێم) کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە ھەولێر سوپاسی مەکتەبی سیاسی پارتی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارەو خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە دەستبەکاربوونی وەک نوێنەری دیپلۆماتی فەرەنسا لە ھەولێرو پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و فەرەنسا بەسەرکەوتووی مێژوویی وەسف کردوو ھیوای خواست ھەرێمی کوردستان ھەر لە گەشە سەندندا بێت.