Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جێگری یەکەم بۆ پارتی یەکلایی بۆتەوە و گرفت لەسەر جێگری دووەم ھەیە

مووسڵ-KDP.info- یاریدەدەری یەکەمی بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ دەڵێت، بەپێی رێککەوتنی نێوان لایەنەکان پۆستەکانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەن و پارێزگار یەکلایی کراونەتەوە و پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگاری مووسڵ بۆ پارتی دەبێت و ڕۆژی پێنچ شەممە دەنگی لەسەر دەدرێت.

مەحموود ئێزیدی، یاریدەدەری یەکەمی بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوێنێ ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و تێیدا سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگر و پارێزگاریش دیاریکرا بەپێی رێککەوتن و ئێستا تەنیا دوو جێگری پارێزگار ماوە، کە جێگری یەکەم بۆ پارتی یەکلایی بۆتەوە، بەڵام گرفت لە نێوان کوتلەکانی دیکە لەسەر پۆستی جێگری دووەمی پارێزگاری مووسڵ ھەیە، کە سوننەکان داوای دەکەن، بۆیە ئێستا گرفتی بەردەم ئەو دوو پۆستە جێگری دووەمی پارێزگاری مووسڵە".

مەحموود ئێزیدی گوتیشی: "ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن گرفتەکە بەھۆی ئەوەیە جێگری پارێزگاری یەکەم بۆ پارتی بێت ئەوە ڕاست نیە، چونکە ئەوە یەکلایی بۆتەوە و تەنھا کێشە لەسەر پۆستی جێگری دووەمی پارێزگاری مووسڵ ھەیە، بۆیە بڕیارە ڕۆژی پێنچ شەممە ئەنجوومەن جارێکی دیکە کۆبێتەوە و ئەو دوو پۆستەش یەکلایی بکاتەوە".

ئێزیدی باسی لەوەشکرد: "لەم دوو ڕۆژە رێککەوتن لەسەر پۆستی جێگری دووەمی پارێزگاریش دەکرێت و ڕۆژی پێنچ شەممە کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆ کۆبوونەوەی دیکە دەکرێت و ئەو پۆستەش یەکلایی دەکرێتەوە".

ناوبراو دەشڵێت: "پۆستی زۆر دەمێنێت لە ئیدارەی خۆجێی مووسڵ و پارتیش بەپێی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن پشکی خۆی لە پۆستەکانی دیکە وەردەگرێت، بەڵام ئەو پۆستانە رێککەوتنی لەسەر کرابوو یەکلایی دەکرێنەوە".

 

بڵند ئیبراھیم