Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کرمانج عزەت: پارتی بۆ ھەموو بڕیارێک ئامادەیە

سۆران _KDP.info_ بەرپرسی لقی (٢٦ی گوڵانی) پارتی دیموکراتی کوردستان  لە باڵەکایەتی گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادەیە و ئومێد وایە لە مانگی پێنج ھەڵبژاردن بکرێت، چونکە لەمە زیاتر دوابخرێت دەبێتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئەزموونی ھەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی، بۆیە پارتی بۆ ھەموو بڕیارێک ئامادەیە. 

کرمانج عزەت، بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان پێمان وایە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێویست بوو زووتر ئەنجامبدرێت، ئێستاش جەخت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەینەوە لە نزیکترین کاتدا، بۆیە ھیوادارین ئەمساڵ لەو وادەیەی باس دەکرێت لە مانگی پێنج ئەنجامبدرێت. 

کرمانج عزەت گوتیشی: ئێستا بۆ ئەوەی بە فەرمیی وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیار بکرێت چاوەڕێی دادگا دەدکرێت بۆ ئەوەی بڕیاری خۆی بدات و دواتریش بە فەرمیی وادەیەک بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دیار بکرێت ، چونکە زۆر پێویستە بۆ ئەزموونی ھەرێمی کوردستان ھەڵبژاردن بکرێت.

عزەت باسی لەوەش کرد: ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان تەواو ئامادەین بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەگەر سبەی ھەڵبژاردن بکرێت ئێمە ئامادەین، بۆیە ھیوادارین ھەرچی زووە ھەڵبژاردن بکرێت لە ھەرێمی کوردستان.

گوتیشی: ئەگەر ھەڵبژادن لەمە زیاتر دوابخرێت مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئەزموونی ھەرێمی کوردستان و دەرفەتێکە بۆ دوژمنانی کورد زەڕبەی قورسترمان لێ بدەن و بیکەنە بەھانەیەک بۆ زیاتر لێدانی حکوومەت و دەستکەوتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆیە ئومێدەوارین ئەمجارە دادگا بڕیاری کۆتایی بدات، بەڵام ھەموو ئومێدێک وایە لە مانگی پێنج ھەڵبژاردن بکرێت، بۆیە پارتی بۆ ھەموو بڕیارێک بدرێت ئامادەیە. 

 

بڵند ئیبراھیم