Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئیدریس بارزانی چی به‌ كۆچیرا ده‌ڵێت

سه‌لام عه‌بدوڵڵا

لە ساڵی 1987 داو لە ئێوارەی رۆژی (31)ی كانوونی دووەمی ئەو ساڵەدا كەسایەتیه‌كی دیارو سەركردەیەكی بەتواناو پێشمەرگەیەكی بە ئەزموون و دبلۆماتكارێكی كارامە، كاكە ئیدریس بارزانی ماڵئاوایی لە ژیان كرد، بەمەش گەلەكەمان مرۆڤێكی هەڵكەوتوو، شارەزا لە بواری سیاسی و ئەندازیاری بەرەی كوردستانی لەدەستدا كە خەسارەتێكی گەورە بوو لەو ئانوساتەدا كه‌ گەلەكەمان لە گەرمەی خەبات و تێكۆشان و بەرگریدا بوو دژی دڕندەترین و بەهێزترین رژێمی ئەو سەردەمە دەجەنگا.

كاك ئیدریس لە خانەوادەیەكی نیشتمانپەروەرو قاڵبووی خەبات و بەرخودان بوو، پەروەردەی دەستی سەركردەیەكی مەزنی گەلەكەمان وەك، بارزانیی نەمر بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەگی روحی و نیشتمانپەروەری خودی خۆی هەرزوو دەركەوت و خەباتی سیاسیی و پێشمەرگایەتی لە تەمەنی لاویدا لە ساڵی 1961دا كە تەمەنی تەنیا (17) ساڵ بوو دەستیپێكردو هەرزوو سەرنجی دەورووبەری بۆ خۆی لەنێو سیاسەتمەدارو پێشمەرگەدا راكێشاو وەك سەركردەیەكی دڵسۆزو نیشتمانپەروەرو خەمخۆری گەلەكەی و وەك سەركردەیەكی سەربازیش لە شەڕی (هەندرێن)دا (ئایاری 1966) بە ئاشكرا دەركەوت.

كریس كۆچیرا (1938-2017) رۆژنامەنووسی ناوداری فەڕەنسا كە شارەزای كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە مەسەلەی كوردیدا پسپۆڕو بە ئاگا بوو كە پێش وەفاتی چاوپێكەوتنی لەگەڵ كردووە باسی رۆڵی گرنگی لە بەرهەمهێنانی بەرەی كوردستانی دەكات كە چۆن توانیویەتی بە ئەزموون و حیكمەتی خۆی بەسەر گرفتەكاندا زاڵ بێت و زەمینەسازی یەكبوون و تەبایی و یەكڕیزی ئامادە بكات. كاك ئیدریس به‌ كۆچیرا ده‌ڵێت: (كاتێك متمانه‌ لای هه‌ردوولا په‌ره‌ ده‌ستێنێت، ئه‌وكات هه‌موو گرفتێك چاره‌سه‌ر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش لەمەودوا بووە هەوێنی دامەزراندنی حكوومەتی هەرێم لە ساڵی 1992دا).

نووسەر مایكڵ گۆنتەر (1943) سەبارەت بە كاك ئیدریس دەڵێ: ئەو وەك كەسێكی ئەكادیمی و بیرمەند دەهاتە پێش چاو كە پارێزگاری لە بەهاو نەریتەكانی خانەوادەكەی كە لەسەری پەروەردە كرابوو دەكرد، ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ له‌م بارودۆخه‌ ئاڵۆزو ترسناكه‌دا ئه‌و دووربینییه‌ی ره‌حمه‌تی كاكه‌ ئیدریس بخرێته‌ گه‌ڕو ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م ناته‌باییه‌ی ئه‌مڕۆ كه‌ زۆر خه‌ته‌رناكه‌ بكرێت.

هه‌زاران چه‌پكه‌گوڵ بۆ سه‌ر گۆڕی پڕ له‌ نووری..