Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکایەتیی ھەرێم وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دیاری دەکات

ھەولێر-KDP.info- چاودێرێکی سیاسی باس لەوە دەکات، سەرۆکایەتیی ھەرێم و کۆمسیۆن ھاوڕان بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێش کۆتاییهاتنی وادەی کۆمسیۆن ئەنجام بدرێت و دەشڵێ، کۆمسیۆن ئامادەیی خۆی نیشان داوە و بڕیارە سەرۆکایەتیی ھەرێم ئەمجارە وادەیەک دیاری بکات کە ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و چیتر دوانەخرێت.

عەبدولسەلام بەرواری، چاودێری سیاسی و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، کۆمسیۆن ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی ئایار ئەنجام بدەن، چونکە مانگی حەوت وادەی ئەوان تەواو دەبێت وەکو کۆمسیۆن، بۆیە چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت بڕیاری چی دەبێت و دواتر سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان وادەیەکی نوێ دیاری دەکات بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، بۆیە رای ھەردوو لایەن ئەوە بوو بتوانن وادەیه‌ک دیاری بکرێت و بتواندرێت ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت".

بەرواری ڕوونیشی دەکاتەوە: "ئەمجارە بە جۆرێک لە جۆرەکان وادەی هەڵبژاردن دیاری دەکرێت، چونکە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت و دوو جاریش بە ئەرکی خۆی ھەڵساوە کە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن ئەرکێکی نیشتیمانییە و گرنگیی خۆی ھەیە بۆ ھەرێمی کوردستان".

دەشڵێ: "جێگەی داخە ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم باسی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دەکەن، بەڵام ھەر ئەو لایەنانە پڕۆژەیان پێشکەش کردووە یاسای ھەڵبژاردن بگۆڕن و ئامادە نەبوون بگەنە رێککەوتن و دواتر پەنایان بردە بەر دادگا، ئەگەر نا پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیە و پێشتر داوای کرد پڕۆژەیەک پێشکەش بکرێت و ھەڵبژاردن دوانەخرێت و لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیە بۆ ئەوەی ھەر کاتێک بێ ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت".

 

بڵند ئیبراھیم