بهغدا-KDP.info- ئەمڕۆ شەممە، 13-01-2024، لە شاری بەغدا بە بەشداری نێچیرڤان بازرانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی حیزبی رێوڕەسمی ساڵیادی تیرۆرکردنی محەممەد باقر حەکیم ناسراو بە "شەهیدی میحراب" بەڕێوەچوو، تێیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد.
دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
به ناوى خواى بهخشندهى میهرهبان
ئامادەبووانی بەڕێز،
ڕۆژتان باش..
ئەمڕۆ پێكهوه لە یادێکی گرنگدا بەشدارین، کە ڕۆژی شەهیدی عێراقی و یادی (21) ساڵەی شەهیدکردنی ئایەتوڵڵا محەمەد باقر حەکیمه (قُدِّسَ سِرُّهُ). گەلی عێراق بۆ رزگاربوون لە چەوسانەوە و لەنێوبردنی تیرۆر، زۆر شەهیدی داوە. باشترین وەفاداری بۆ یاد و رۆحى شەهیدان، گەشەپێدانی ئاوەدانی و خۆشکردنی ژیان و گوزهرانی خەڵکی عێراق و دابینکردنی دواڕۆژێکی گەشە بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو.
شەهیدی میحراب، شەهیدی دەستی تیرۆر، ئایەتوڵڵا محەممەد باقر حەکیم، لە دوورەوڵاتیدا، رابەر و هاندەرێکی سەرەکیی یەکبوونی خەبات و کاری پێکەوەییی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقى بوو. یەکبوونی ئەوكات، بۆ رزگارکردنی گەل بوو لە چەوساندنەوە و له دیکتاتۆری.
ئێستا ئێمه کە لە عێراقی ئازادکراو لە دیکتاتۆری، یادی شەهید ئایەتوڵڵا محەمەد باقر حەکیم دەکەینەوە، دەبێت بە دوو شێوە، بە کردەوە وەفاداریی خۆمان بۆ شەهیدی میحراب و هەموو شەهیدان نیشان بدەین. ئەویش به نەهێشتنی هەموو جۆرێكى چەوساندنەوە و ناعهدالهتى، لهگهڵ دوورکەوتنەوەی هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان، لە گواستنەوەی رکابەری و ناکۆکیى سیاسیى نێوانیان، بۆ ناو کۆمەڵگە و نەتەوە و پێکهاتەکانی تری عێراق.
پێکەوەکارکردن و یەکێتیی نێوان شەهیدی میحراب و باوکی خوالێخۆشبووم ئیدریس بارزانی، ههروهها لهگهڵ جهنابى سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی خوالێخۆشبوو مام جەلال و لایەن و سەرکردەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی، ئهوكات خۆشەویستیی نێوان گەلی چەوساوەی عێراقى، بەهێز دەکرد.
ئێمەی نەوەی دوای ئەوان، دەبێ ئەو خۆشەویستییە بەهێزتر بکەین، نەک تێکی بدەین. بەهێزکردنی یەکسانی و خۆشەویستیی نێوان نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراق، رێگەی ڕابەر و سەرکردەکانمانە. پێچەوانەکەی، ڕێگەی ئەوان نییە و دژی رێبازی ئەوانە.
ئەوەی رابەرانی خەبات و بزووتنەوەی سیاسیی ئێمە دەیانکرد، لە باكگراوهند و قووڵایییەکی گەورەوە دەهات. زانا و ڕابەرانى ئایینیمان، بە زانست و زانینى خۆیان، روانگەیەکی فراون و مرۆڤانەیان هەبوو، لەبەرئەوەش مەرجەعیەتی گەورە لە نەجەف، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ بارزان و زانایانی کوردستان بەگشتی هەبوو.
رابهڕى شۆڕشی کوردستان خوالێخۆشبوو مەلا مستەفای بارزانی، پەیوەندییەکی بەردەوامی لەگەڵ مەرجەعیەتی باڵادا لە عێراق هەبوو. فەتواکانی ئایەتوڵڵا عوزما موحسین حەکیم، لهگهڵ ئایەتوڵڵا عوزما محەمەد باقر سەدر له ساڵهكانی 1965 و 1974 لەژێر حوکمی دیکتاتۆریدا، بێ ئهوهى گوێ به مەترسییەکانی سەر ژیانیان بدهن، فەتوای زۆر هەقپەرستانە بوون. ئەو دوو مەرجەعە گەورەیە، فەتوای حەرامکردنی شەڕی کورد و پێشمەرگەی کوردستانیان دا. گهلى كوردستان ههرگیز فەتوا مێژوویی و هەڵوێستەكانى ئهوان، لەبیر ناکات.
ئەم یادانە گرنگن، بۆ ئەوەی هەموومان ئێستاش بە کردەوە، ئەو ڕابردووە جوانەمان بپارێزین. ئەو رابردووە بە روانگەی فراوان و بە هەبوونی پەیوەندی و خۆشەویستی كه دروست بووە، نابێ بە بڵاوکردنەوەی ڕق و ناکۆکی و دووبەرەکی، ئێستا و داهاتوومان تێک بچێت، بەڵکو دەبێ بە خۆشەویستی و پەرەپێدانی هاوبەشییهكانمان، بەهێزتری بکەین.
ئامادەبووانی بەڕێز ..
جگە لەو رابردووە، ئەمڕۆ ئێمه سەرچاوەیەکی گرنگ و گەورەی یاساییمان هەیە بۆ پێشکەوتن و بەهێزکردنی پێکەوەژیانی هاوبەشی پێکهاتەکانی عێراق. لە ساڵی 2005ـەوە دەستوورێکمان هەیە. رۆحی دهستوور بریتییە لە دروستکردنی دیموکراسی، دادپەروەری و دابەشکردنی دەسەڵات و سیستەمی فیدراڵی. جێبەجێکردنی دەستوور وەک خۆی، رابردووی جوانی کۆمەڵگەمان دەپارێزێت و ئێستا و داهاتووشمان باشتر دەکات.
بۆیه ئێستا کە لێرە زۆر لە بهڕێزان سەرکردە و بەرپرسانى گەورەی عێراقی دانیشتوون، داوا دەکەم هەموومان پێکەوە پابەندی ئەو دەستوورە بین. دەستوور، یەکسانیی هەموو پێکهاتە و هەرێم و پارێزگاکانی عێراق و سهقامگیریى وڵات دەپارێزێت.
بەڕێزان..
ئێستا لهبهر نەبوونی بودجە و مووچە لە هەرێمی کوردستان، فەرمانبەران و خەڵک لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین. ئەوە کاریگەرییەکی زۆر خراپی کردووەتە سەر هەموو کەرتەکان لە هەرێمی کوردستان. زۆر پێویستە ئەو کێشە گەورەیە، بە زوویی چارەسەر بکرێت. ئەمەش بەرپرسیاریهتیی هەموومانە، چونکە هەرێمی کوردستان و فەرمانبەرانی ههرێمی كوردستان، بەشێکن لە عێراق.
بۆیه داوا لە تهواوى سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان، فراکسیۆنەکان و ههموو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم، پشتیوان بن بۆ چارهسهركردنى كێشهى بودجه و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
بەڕێزان..
حکوومەتی عێراقى فیدراڵى بە سەرۆکایەتیی برای بەڕێزمان محەممەد شیاع سوودانی، بە باشی کاری کردووە، ئەوەش پێگەی عێراقی بەهێز کردووە. ئەو شێوە کارکردنە، دەتوانێت پێگەی عێراق بەهێزتریش بکات. بەڵام پێشێلکردنی دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە هێرش بۆ سەر نێرده دیپلۆماسییهكان و هێزهكانى هاوپەیمانان و پێشمەرگە، کاری حکوومەت تێکدەدات و ئاڵۆزییەکی زۆر و هەمەلایەنە لە عێراق دروست دەکات.
ئەو هێرشانە زیانێکی زۆریان بە ئاسایش و ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، بووهته هۆى ئهوهى دڵەڕاوکێ بە هەموو بازاڕی عێراقدا بڵاو ببێتهوه، هەروەها دەرفەتی داوەتە تیرۆریستانی داعش کە هێرشەکانیان زۆرتر بکەن.
هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر داوای عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش هاتوون. پێویستە دەرفەت بدرێتە حکوومەتی فیدراڵی و بهڕێز سەرۆک وەزیران سوودانى بەپێی پلانێکی هاوبەش و له زهمینهیهكى ئارام و بێ كێشهدا گفتوگۆیان لهگهڵدا بكات، بۆ رێككهوتن لهسهر داهاتووى هاریكاریى نێوان هێزهكانى هاوپهیمانان و عێراق.
عێراق دەوڵەتێکى خاوهن دەزگای نیشتمانییه، دەبێت ئەو دەزگایانە کاری خۆیان بکەن، بە پێچەوانە خەڵکی عێراق دەخرێتە کێشە و ئاڵۆزیی تازەوە، لە کاتێکدا عێراق ئێستا زیاتر لە هەموو شتێکی دیکە پێویستی بەوەیە سەقامگیرییەکەی تێک نەدرێت.
لە کۆتاییدا، سوپاسی برای بەڕێزم سەید عەممار حەکیم دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم رێوڕەسمە. سڵاو دەنێرم بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدی میحراب ئایەتوڵڵا محەمەد باقر حەکیم و ڕۆحی خوالێخۆشبوو سەید عەبدولعەزیز حەکیم و هەموو شەهیدانی عێراق.
هیواى سهركهوتن بۆ ههموو لایهكتان دهخوازم،
زۆر سوپاس..