Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"سەرۆکی حکوومەت جەخت لەسەر ڕاکێشانی وەبەرھێنەرانی بیانی دەکاتەوە"

گوتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان دەڵێت، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی باشی هەیە بۆ گەشەکردنی کەرتی وەبەرھێنان و دەشڵێ: پێداچوونەوە بە ھەندێ خاڵدا دەکرێت و سەرۆکی حکوومەت جەخت لەسەر ڕاکێشانی وەبەرھێنانی بیانی دەکاتەوە.

مەلا یاسین، گوتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر جەخت لەسەر ڕاکێشانی وەبەرھێنانی بیانی دەکاتەوە بۆ ئەوەی بێن لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان بکەن، سەرۆکی حکوومەت خۆی پێداچوونەوە بەو خاڵانەدا دەکات کە کاریگەرییان ھەیە لەسەر ھاتنی وەبەرھێنەری بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان و پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت.

گوتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەران گوتی: دەمانەوێ وەبەرھێنەران لە وڵاتانی دیکە و ناوچەکانی دیکەی عێراق بێنە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرھێنان، بۆ ئەو مەبەستە ئاسانکاری بۆ ھاتنی وەبەرھێنەری بیانی دەکرێت.

مەلا یاسین ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکرێت پڕۆژەی ستراتیژی لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی وەبەرھێنەران لە ھەموو لایەکەوە ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن، بەتایبەتی بەگوێرەی ئەو پلانەی ھەیە لەلایەن دەستەی گەشتوگوزارەوە بەشێک لە بودجەی عێراق لە ڕێگەی کەرتی وەبەرھێنانەوە دێتە ھەرێمی کوردستان.

قائید میرۆ