Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی : دوو داواکاریمان لەبارەی مووچە خستە بەردەم سەرۆک وەزیرانی عێراق

بەغدا_KDP.info_  جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووینەوە وتێیدا دوو پرسی پەیوەست بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانمان تاوتوێکرد.

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی 11ی 2023 لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی کۆبووینەوە و گفتوگۆمان لەبارەی چەند پرسێکی گرنگ کرد، لە کۆبوونەوەکەدا من دوو پرسیارم خستە بەردەم بەڕێزیان کە هەردووکیان تایبەت بوون بەو دوو نامەیەی کە بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کردووە، وەڵامەکانی  سوودانی بەم شێوەیە بوون:

یەکەم:لەبارەی هەموارکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەی (نەفەقاتی فعلی) کە بۆتە هۆکاری نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە، بە محەمەد شیاع سوودانیمراگەیاند ئاخۆ هەڵوێستی جەنابیان لەسەر ئەمە چییە، ئەویش لە وەڵامدا پێی گوتین، نامەکانمان بەدەست گەیشتووە و کاریشمان لەسەر کردوون.

مەریوان قەرەنی گوتیشی، سەرۆک وەزیران باسی لەوەشکرد  بابەتی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدایە و ئێمە هیچ مانعاتێکمان نییە ئەگەر ئەو بڕگەیە هەموار بکرێتەوە و چارەسەری ئەم بابەتە بکرێت، بەڵام ئێمە دەسەڵاتی جێبەجێکردنین و هەموارکردنەوەکەش لەدەست دەسەڵاتی یاسادانانە و هەر یاسایەک دەربکەن و هەمواری بکەنەوە، ئێمە جێبەجێی دەکەین.

قەرەنی  باسی لەوەشکرد،  لەبارەی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ و بەردەوامبوون لەسەر ناردنی قەرزی سێ مانگ،  هەر لە وەڵامی پرسیارێکی ئێمە، محەمەد شیاع سوودانی پێی گوتین کە بابەتی بڕیاردان لەسەر بەردەوامبوون لە ناردنی بڕی 700 ملیار دینار بۆ سێ مانگی دیکەش جگە لەو سێ مانگەی بڕیاری لێ دراوە، لەدەست ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە و لەدەست خودی ئەودا نییە، هەروەها گوتی کە ئەو پارەیەی لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە دیاریکرابوو تا بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرن زۆر کەمترە لە پێویستیی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە و تەنانەت گوتی کە ئەو 700 ملیار دینارەشی دیاریکراوە، هێشتا کەمترە لەو پارەیەی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە پێویستیەتی، هەروەها جەختی کردەوە کە لایەنەکانی راسپاردووە و تا ڕۆژی 1ی 12ی 2023، بەشی سێیەمی ئەو 700 ملیار دینارە دەنێرن کە پێشتر بڕیاری ناردنیان دابوو.

بڵند ئیبراهیم