Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ده‌بێت یاسای پێكهێنانی دادگای فیدڕاڵی دووباره‌ دابڕێژرێته‌وه‌"

یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان باس له‌ هه‌ڵوێستی به‌غدا ده‌كات به‌رانبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ناكرێت سیاسه‌تی برسیكردن په‌یڕه‌و بكرێت.

د.دیندار نه‌جمان دۆسكی، له‌ لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: سه‌یرە بۆچی سوپای عێراق و حه‌شد و ملیشیكان له‌ عێراق مووچه‌ و پاره‌ و چه‌ك وه‌رده‌گرن، بۆچی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان نه‌كراوه‌، به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ دادگای فیدڕالیمان هه‌یه‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان له‌دژی كوردستان په‌نای بۆ ده‌به‌ن كه‌چی تێناگه‌م له‌و پرسانه‌ی ده‌ستوور جێبه‌جێ نه‌كراوه‌ كوا دادگای فیدڕالی؟ به‌تایبه‌ت له‌ بابه‌تی بودجه‌ و پێشمه‌رگه‌ و ماده‌ی 140، هه‌تا عه‌قلیه‌تی ئیداره‌ی دادگای فیدڕالی ئاوابێت قه‌د چاوه‌ڕوانی باشبوون ناكرێت چونكه‌ ئه‌و له‌ژێر فشاری سیاسییه‌ به‌ تایبه‌ت هێزه‌ شیعه‌كان كه‌ كردوویانه‌ به‌ چه‌كێكی سیاسی.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: به‌پێی ده‌ستووری عێراق له‌ساڵی 2005 ده‌رچووه‌، هه‌موو ماف و شایسته‌ داراییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ چوارچێوه‌ی دامه‌زاروه‌ی ئه‌منی عێراق دیاریكراوه‌ وه‌ك دامه‌زاروه‌یه‌كی فه‌رمی، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان دامه‌زاروه‌یه‌كی ده‌ستوورییه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا زۆر شت هه‌یه‌ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌ نه‌كراوه‌، ئه‌وان نیازیان ته‌واو نییه‌ و سیاسه‌تی برسیكردنیان په‌یڕه‌و كردووه‌ و قبوڵی عه‌قلیه‌تی فیدراڵی ناكه‌ن و ده‌یانه‌وێت به‌ مه‌ركه‌زیه‌ت كاری خۆیان بكه‌ن، تا ئیستاش دانووستانیان له‌گه‌ڵ كوردستان كردووه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی كردوویانه‌ و  چاره‌ی گرفتەکان به‌ بنه‌ڕه‌تی نەکراوە، سه‌رجه‌میان كه‌ڵه‌كه‌بوونە و ئیستا ته‌قیونه‌ته‌وه‌، له‌سه‌ره‌تاوه‌ گرفت له‌سه‌ر خاڵه‌كانی ده‌ستوور هه‌بووه‌، ئێستاش له‌سه‌ر بابه‌تی یاسای بودجه‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی به‌غدا جێبه‌جێی بكات هاتووه‌ به‌قه‌رز و سلفه‌ ده‌یه‌وێت گرفته‌كان چاره‌سه‌ربكات .


ڕایشیگه‌یاند: ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئێمه‌ له‌ناوخۆماندا یه‌كگرتووبین و یه‌ك هه‌ڵوێستبین، ئێمه‌ پێکەوە گرفتمان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه‌ چ جای ئه‌وه‌ی له‌ناوخۆماندا ناكۆك بین، به‌داخه‌وه‌ دادگای فیدڕالی به‌پێی ده‌ستووری عێراق دروست نه‌بووه‌ و دووباره‌ ئه‌ندامه‌كانی له‌په‌رله‌مان ده‌نگیان له‌سه‌ر نه‌دراوه‌ و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان تێبینیان له‌سه‌ر یاسای دادگا و ئه‌ندامان و خودی دادگا هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێت یاسای دادگای باڵای فیدڕالی به‌فه‌رمی له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌پێی ده‌ستوور دروست بكرێته‌وه‌، ناكرێت له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ كاری خۆی بكات چونكه‌ ته‌داخولی سیاسه‌ت ده‌كات و ده‌یه‌وێت به‌ئاراسته‌ی سیاسی فشار دروست بكات، ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌ دامه‌زاروه‌یه‌كی گه‌وره‌ی یاسایی له‌ عێراق ئاوای لێ بكرێت.