د.سالار عوسمان
ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ڕووداوێکی گەورە بوو، ڕووداوێک، نەک هەر بۆ ئێمەی کورد، بەڵکو بۆ دراوسێ و ناوچەکە و جیهانیش، ڕووداوێک، کە تا ژیان ماوە، نە کورد و نە دراوسێ، نە ناوچەکە و نە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانن لە دەرەوەی ئەو ڕووداوەدا بیربکەنەوە، کەواتە ڕیفراندۆم کردەیەکی ئاگایی مێژوویی کوردییە، کە هەمووانی لە نێوخۆیدا کۆکردۆتەوە.
دەکرێ لە زۆر ڕووەوە قسە لە ڕیفراندۆم، پرس، بویەر و لێکەوتەکانی بکەین، بە مەرجێک خۆمان داماڵین لە سەتحییەت و بەرژەوەندییە حزبییەکان، یا باشتر بڵێم بەرژەوەندییە بچووکەکان، چونکە گەورەیی ڕووداوەکە و، لە بەرامبەردا بینینی بچووکی بەرژەوەندییەکان، نەک هەر نامانخەنە سەر ڕاستەڕێی تێگەیشتنێکی پاک، بەڵکو دووچاری هەڵە بیرکردنەوەشمان دەکەن، تایبەت لە پرسگەلی ئینسان، ماف، ئازادی و دیموکراسی.
تێگەیشتنی پاک ئەوەیە، کە کورد لە لەحزەیەکی مێژووییدا ویستی دەسکارییەکی پۆزەتیڤانەی مێژوو بکات، بەڵام بە میکانیزمێکی ئاشتییانە و دیموکراسییانە، بەڵام دونیا نەک هەر ڕاست نەبوو لەگەڵ دروشم و پرەنسیپەکانی، کە بانگەشەی بۆ دەکات، بەڵکو ئازاری کوردی دا و، ئیتر کورد وەک هەمیشە ئەو ئازارەشی تێپەڕاند.
لە تابلۆی پڕ ئیفتیخاری ئەو ڕووداوە گەورەیەی هەرێمی کوردستاندا، لەو دەسکاریکردنە پۆزەتیڤە مێژووییەدا، لە ڕیزی پێشەوەی گەلێکی ماندووی مافخوراودا، سەرۆک مەسعود بارزانی هەیە، کە هەموو ژیانی بۆ ئازادیی گەلەکەی تەرخان کردووە و بە قووڵی چۆتە نێو مێژووەوە.