Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"لە ھەولێر ھەزاران پارچە زەوی کارت، تاپۆ دەکرێن"

بڕیارە ھەموو زەویەکانی کارت لەسەر خاوەنەکانیان تاپۆ بکرێن، بەرپرسێکی شارەوانیش دەڵێ: یەکەیەکی تایبەت بە تاپۆکردنی زەوی کراوەتەوە و قۆناغی باشی بڕیوە بۆ ئەوەی ھەموو زەویەکی کارت بکرێتە سەنەد و تاپۆ بکرێت.

سەرتیپ خالید، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ساڵانی ڕابردوو ھەزاران پارچە زەوی لە دەوروبەری ھەولێر، لە قەزا و ناحیەکان بەسەر ھاووڵاتییان و فەرمانبەراندا دابەشکراون، بەڵام لەکاتی دابەشکردنی زەویەکان تاپۆ نەکراون و کارتن، ئێستا یەکەیەکی تایبەت بە گۆڕینی زەوی کارت ھەیە و قۆناغی باشی بڕیوە بۆ ئەوەی زەوی کارت بکرێنە سەنەد و لەسەر خاوەنەکانیان تاپۆ بکرێن.

بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان گوتیشی: دەتوانم بڵێم ڕێژەی ھەرە زۆری زەوی کارت کراوەتە سەنەد و بەشێکی کەمی ماوە ئەویش حکوومەت خەریکە بۆ ئەوەی بکرێنە سەنەد.

سەرتیپ خالید ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئەو یەکەیەی تایبەتە بە گۆڕینی زەوی کارت بۆ سەنەد سەرەتا لەناو شاری ھەولێر دەستی پێکردووە و ئێستا پرۆسەکە گەیشتووەتە دەوروبەری ھەولێر، پێشبینی دەکەین تا سەرەتای ئەمساڵ زۆربەی زەوی کارت ببنە سەنەد و لەسەر خاوەنەکانیان تاپۆ بکرێن.

قائید میرۆ