Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. شاخەوان عەبدوڵا: ئیمزامان کۆکردۆتەوە تا مووچەی فەرمانبەران لە ئینفاقی فعلی جیابکرێتەوە


بەغدا_KDP.info_ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی لە ئەستۆدایە و هەوڵدەدرێت تامانگی 12مووچەی فەرمانبەران دابین بکرێت.
دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: 120ئیمزامان کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەی هەمواری ئەو بڕگەیە بکەین مووچەی فەرمانبەران جیابکرێتەوە لە ئینفاقی فعلی، هاوشێوەی شارەکانی دیکە، چونکە چۆن ئینفاقی فعلی بۆ پارێزگاکانی دیکە حیساب نەکرێت بۆ هەرێمی کوردستان حیساب بکرێت، ئەوە دەکەینە پڕۆژەیەک بۆ ئەوەی لە پەرلەمان هەموار بکرێتەوە و ئیستیجابەیەکی باشیش هەیە لەلایەن ئەو پەرلەمانتارانەی کاتی خۆی بەلاڕێیاندا برد و ئەوە ئەنجامەکەی بوو، ئێستا هەمووان هاوڕان نابێت قووتی خەڵک تێکەڵ بە کێشەی سیاسی بکرێت، بۆیە بەرەو هەموارکردنەوەی ئەو بڕگەیە دەچین، هەوڵەکان بەو ئاراستەیەن مووچە تا مانگی 12دابین بکرێت.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو مووچانەی لە ئەستۆیەتی دابینی دەکات، ئێستاش باسی لەوە کردووە مووچەی مانگی حەوت و هەشت و نۆ دەدرێت و ئێمەش هەوڵدەدەین ئینفاقی فعلی جیابکرێتەوە و مووچەکانی دیکەش دابین بکرێت.
گوتیشی: حکوومەت هەموو ڕێکارە یاساییەکانی لەبەرچاو گرتووە بۆ ئەوەی هیچ بیانوویەک نەمینێت و پارە ڕەوانە بکەن، چونکە ئەو پارەیەی ڕەوانە دەکرێت بە قەرزە، ناردنی پارەش لەلایەن هەردوو بانکی ڕافیدەین و ڕەشید دەدرێت و ڕێکارەکان تەواو بێت پارەکە ڕەوانە دەکرێت.

بڵند ئیبراهیم