Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەحموود محەمەد: ئێمە لە رووی تەکنیکی و سیاسیی و ئیداریی، ئامادەکاریمان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە ھەرێم کردووە

هەولێر-KDP.info- مەحموود محەمەد ئەندامی دەستەی کارگێڕی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، وەڵامی چەند پرسیارێکی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی پارتی و لایەنەکان و هەڵبژاردن داوەتەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقی دیمانەکەیە:

قۆناغی ئێستای عێراق

مەحموود محەمەد لەسەر قۆناغی ئێستای عێراق، دەڵێت: "خوێندنەوەیەکی تایبەتی دەوێت، وڵاتێک، کە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە سەقەتی دروستکرا، بە ئاسانی چارەسەری کێشەکان نەکرا، لە عێراقدا کلتورێک حوکمی کرد، یان بووە کلتوری رێڕەوی حکومڕانی ئەم وڵاتە، ئەویش کەڵەکەکردنی کێشەکان بوو بەبێ چارەسەر کردن، یان تەرحیلکردنیان بۆ زەمانێکی تر، ئەمە وای کرد ئەم وڵاتەی کە دروستکرا، بەردەوام کێشەکانی بە هەڵواسراوی و چارەسەرنەکراوی بمێننەوە، زۆرجار کێشەی گەورەتریان لێکەوتووەتەوە، وەک ئەو شەڕانەی بە دەوروبەری فرۆشت، ئەو شەڕانەی بە کوردستانی فرۆشت، هەموو ئەوانە، نەتیجەی ئەم سەقەت دروستکردنەیە. ئێستا خوێندنەوەیەکی بابەتیانەی دەوێت بۆ ئەوەی کە بزانین عێراق چۆن دەکرێ لەم وەزعەی هەیە دەرباز بکرێت، قۆناغی ئێستای مەترسیدارە و گۆڕانکارییەکان زۆر و خێران، لەوانەیە زۆر لەو دەستەڵاتدارانەی عێراق پێڕانەگەن لەگەڵ گۆڕانکارییەکان هاوتەریب بە ڕێگادا بڕۆن، بۆیە دەبینی لە زۆر شتدا بەجێماون. وڵات بەمشێوازە دەتوانین بڵێین پڕ لە ئاڵۆزی سیاسی و ئابووری و دواکەوتووییدایە".

ئابووری سەربەخۆ

سەبارەت بە پرسی ئابووری سەربەخۆی هەرێمی کوردستان، مەحموود محەمەد رایگەیاند، هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی و کانزا و بابەتی دیکە، ئەوەی لە دەستووردا هەیە، رێگەی بە هەرێمی کوردستان داوە سوود لەم بابەتانە وەربگرێت، بەڵام بەحوکمی چەند شتێکی دیکە رێ لەمە گیرا، ئەمەش بابەتی سەرکەوتن و سەرنەکەوتن نییە، بەڵکو مەسەلە رێگەگرتنە لە هەرێمی کوردستان تا ئابووری سەربەخۆی نەبێت، ئەوەش دوو شتی لێکجیاوازن، کەواتە ئەم رێگەگرتنە لە هەرێمی کوردستان، ئەوەیە کە ئابووری سەربەخۆی نەبێت، نەک ئەوەی کە سەرکەوتوو بووە، یا سەرکەوتوو نەبووە.

هەولێر و بەغدا..کێشەی موچە

گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، دەڵێت، ئێمە وەک هەرێمی کوردستان لەسەر چەند ئاستێک رێککەوتنمان لەگەڵ دەوڵەتی عێراقی هەیە لە بەغدا، لەسەر ئاستی دەوڵەتی عێراق رێککەوتنێکمان هەیە کە پێی دەڵێن دەستوور و هەموومان لەسەری رێککەوتووین، ئێمەی کورد بەشێکی سەرەکی بووین بۆ رێککەوتنی دەنگدان لەسەر ئەو دەستوورە، بەوەی ئێمە بە ئیرادەی خۆمان، بە ویستی خۆمان لەگەڵ ئەوانیش بە ئیرادەی خۆیان، بە ویستی خۆیان لەسەر کۆمەڵێک ماددە و بڕگەی ناو دەستوور رێککەوتووین بۆ ئەوەی بەو شێوازەی دەستوور دیاری کردووە، وڵات بەڕێوەبەرین، ئەمە رێککەوتنێکە. رێککەوتنێکی  ئێستامان هەیە لەگەڵ لایەنەکانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسییدا، بەشدار لە پێکهێنانی حکومەت. لایەنە سیاسییەکان و، ئەو لایەنانەی بە سوونی بە شیعی، ناومان لێنا تەحالفی ئیدارەی دەولە، لەوێش لەسەر کۆمەڵێک خاڵ رێککەوتین کە چۆن ئەم وڵاتە پێکەوە بەڕێوەبەرین. رێککەوتنێکی سێیەممان هەیە، لەسەر ئاستی سەرۆکوەزیران، ئەویش کارنامەی کابینەکەی بەڕێز سودانییە، ئێمە سێ رێککەوتنمان هەیە، ئەو رێککەوتنانە لەسەر ئاستی دەستوور، تەسەور دەکەین ئینتقائییەن باس لە دەستوور دەکرێت و سوود لە دەستوور وەردەگیرێت، بەپێی بەرژەوەندی هەندێ لایەن، کە کارێکی خراپە، لەسەر ئاستی لایەنە سیاسییەکانیش وەک تەحالفی ئیدارەی دەولە، بەڕاستی ئەوەی کە لە میزانییە و یاسای بودجەدا کردیان، نیشانەی ئەوەبوو کە ئیلتزامێکی تەواویان بە رێککەوتنەکە نەکرد، لەو کارنامەیەی کابینە کە هەمانە، بە حەقیقەت ئەویش دیسان نەقسێکی زۆری تێدا هەیە، زۆر شت هەیە جێبەجێ نەکراوە، دەبوو جێبەجێ بکرابا، زۆر شت هەیە دەبوو بکرابا، بەڵام ئێستا نەکراوە.

 سەبارەت بە کاریگەری وڵاتانی دراوسێ لەسەر جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، مەحموود محەمەد ئاماژەی بەوەدا، کە تەسەور دەکەن کاریگەرییان هەیە، کاریگەرییان بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە عێراق، لە کوردستان، وە بەرژەوەندییەکانیان بەشێکی سیاسییە، بەشێکی ئابوورییە، ئەوانە وا دەکات هەندێ جار لەگەڵ کۆمەڵێ بەرژەوەندی کە ئێمە هەمانە، هاوتەریب بێت، یان تەعاروزی هەبێت، کە هاوتەریب بێت، لەوانەیە بێدەنگ بن و هیچ شتێک نەڵێن، بەڵام کە تەعاروزی هەبوو،  بە تەئکید ئەوان لەو شوێنانەوە کە دەتوانن رێی لێبگرن، رێی لێ دەگرن، هەوڵدەن لەگەڵ بەشداربووەکانی دیکەی پێکهێنەرانی حکومەت لە بەغدا، ئەو شتانەی ئێمە دەمانەوێت وەک پێویست نەچێ بەڕێوە.

پەیوەندی پارتی و لایەنە سیاسییەکان

مەحموود محەمەد ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، گوتی: "ئێمە دەبێ تەقیمی ئاستی پەیوەندییەکانی ئەحزاب لەسەر ئەساسی ئەحزابی جیاواز کە لە کوردستاندا هەن بکەین، ئەمەش لە نەتیجەی بوونی بیر و بۆچوونی جیاواز کە بارگاوین بە ئایدۆلۆژیا و تێڕوانینی جیاواز لە یەکتری، کەواتە ساحەیەکی کراوەی پێویستە بۆ ئەوەی ئەحزابی جیاوازیش هەبێت، ئەو ساحەیە حزبەکان تێیدا منافەسەی یەکتری بکەن، منافەسە لە رووی ئابوورییەوە چ چارەسەرێکیان بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانی خەڵک هەیە، لە رووی سیاسییەوە چ باشترێکیان هەیە، هەروەها لە رووی ئیداریشەوە، بەڵام ئێمە ئەحزابی کوردستانی دەبێ لەسەر کۆمەڵێک بنەمای سەرەکی کە بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان لە رووی نەتەوەیی و نیشتمانی بێت، دەبێ بە یەکەوە هاوکاری بین و، لەسەر ئەوە منافەسەمان هەبێت. بەڵام لەسەر بابەتەکانی دیکە، چ منافەسەیەکمان هەبێت کێشەمان نییە، بۆیەش زۆرجا ئەو منافەسانەی کە هەیە لە کوردستان، لە قاڵبی منافەسە دەچێتە دەرێ و دەبێتە قاڵبی دژایەتی، یان دوژمنایەتی ئەوەش هەڵەیەکی گەورەیە.

ئەو لەسەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی، بە هەم باش و هەم بە خراپ ناوی برد و وتی: "پەیوەندیمان هەم باشە و هەم خراپ، باشە، دەبێت پێکەوە کار بکەین و، هەوڵ نەدەین لە رێگەی دامودەزگاکانی حکومەتی عێراقەوە کێشە بۆ یەکتری دروست بکەین، کە ماوەیەکە بە داخەوە یەکێتی نیشتمانی ئەوە دەکات، خراپە لەوەی ئەو کێشانەی کە هەیە بە گفتوگۆ لەگەل یەکتر چارەسەری ناکەین، بەڵکو پەنا دەبەینە بەر هەندێ لایەنی دیکە بۆ چارەسەر".

جەختیشی لەوە کردەوە، کە یەکێتی کێشەی بەس بۆ پارتی دروست نەکردووە، وتیشی: "بریا کێشەیان بەس بۆ پارتی دروست بکردایە، بەڵکو کێشەکانی لە بەغداوە دروست دەکرێت، بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت، میزانیە بەس بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان نییە، بۆ هەرێمی کوردستانە، یاساکانی هەمانە بەس بۆ پارتی نییە، بۆ هەرێمی کوردستانە، کەواتە جیاوازی هەیە لەوەی کێشە بۆ ئێمە دروست بکەن، ئێمە ئەگەر کێشەیەکیشمان لە کوردستان بۆ یەکێتی دروست کردبێت، کێشەی بەینی ئێمە و یەکێتییە، بەڵام ئەو کێشانەی ئەوان لە ڕێی بەغداوە دروستی دەکەن، کێشەیە بۆ کۆی پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، وە بۆ ئابووری هەرێمی کوردستان، وە بۆ ئیدارە و قەوارەی هەرێمی کوردستان".

پارتی یەک مەرجەعی هەیە

لەمەڕ دوو بەشی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحموود محەمەد جەختی لەوە کردەوە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان یەک ئاڕاستە و یەک بەشە، پارتی لە کۆندا تووشی کێشە بووە، ساڵی 1964تووشی کێشە بوو، بەڵام کێشەکەی چارەسەر کرد، ساڵی 1979 و ساڵی 1980ش تووشی کێشە بوو، ئەوانیشی چارەسەر کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناو هەناوی خۆیدا کیشە قبوڵ ناکات و، دووبەرەکی دوو رەئی بەو شێوەی یەکێتی بیری لێدەکاتەوە قبووڵ ناکات، بۆیە فڕێی دەداتە دەرەوە، ساڵی 1964 دەرکەوت کە چۆن چارەسەری کێشەکە کرا، ئەوانەی کە پارتیان بەو شێوە قبووڵ نەبوو رۆشتن حزبی تریان دامەزراند، لە ساڵی 1979 و1980 دیسان لەناو هەناوی پارتیدا هەندێک هەبوون کێشەیان دروست دەکرد، ئەوانیش چوونە دەرەوە و حزبی تریان دروست کرد، بۆیە پارتی یەک مەرجەع و یەک بڕیاری هەیە، بەڵام بیر و بۆچوونی جیاواز لە ناو پارتیدا لەسەر چۆنییەتی چارەسەری کێشەکان وەک هەر مرۆڤێک لەوانەیە هەبێت، بەڵام ئەوەی دەبێتە بڕیار هەمووان پێکەوە ئیلتزامی پێوە دەکەن، ئەگەر کەسێکیش جیاوازی هەبێت بەوەی ئەو باوەڕی بە چارەسەرێکی دیکە هەبووە و نەبووبێتە بڕیار، ئەوا ئەو دەبێتە کەسی جێبەجێکاری بڕیارەکە، لە ناو پارتیدا یەک مەرجەعمان هەیە، ئەویش کاک مەسعود بارزانییە، دوای ئەوە هیچ بەش و باڵێکمان نییە، لەوانەیە خەڵکێک پێی خۆشبێت ئەوە لە ناو پارتیدا هەبێت، بەڵام ئەوە لە ناو پارتیدا جێی نابێتەوە.

 هەروەها ناوبراو ئەوەی رەتکردەوە کە گوایا پارتی رێسی کۆبوونەوەکان دەکاتەوە بە خوری و وتی: "گەر بەرچاوڕوونییەک هەبێت، کۆبوونەوە شتێکە و لێدوانێکی میدیایی شتێکی دیکە، بۆ دەبێ گوێ بۆ لێدوانە میدیاییەکە بگیردرێت، بەڵام گوێ بۆ کۆبوونەوەکە و پێکهاتەکەی نەگیرێت، ئەمە بەشێکی بیانووە، ئەو رێککەوتنەی مەبەستیان نییە نەکرێت، دەبێت گفتوگۆکان بەردەوام بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئێمە دەبێ یەکترمان قبوڵ بێت بە هەموو جیاوازییەکان، ناکرێ ئەوەی من پێم باشە ئەوە ڕاستییەکە بێت، نابێ وا تەسەوربکەم هەموو راستییەکان لای منە، بە داخەوە هەندێ لایەن لە گفتوگۆکان وا تەسەور دەکەن هەرچی راستییە لای ئەوانە و خەڵکی تر راستیان لا نییە، بۆیە دەبێت ئەوە قبوڵ بکەن، کە لایەنی بەرانبەریش کۆمەڵێ راستی هەیە بە حوکمی مێژوو و ئەو هەموو خەبات و تێکۆشانەی کە کردوویەتی، بە حوکمی ئەو متمانە زۆرەی کە خەڵکی کوردستان پێیداوە قبوڵمان بێت، کەواتە ئێمە دەڵێین دەبێت بەردەوام بین لە گفتوگۆ، بەردەوام بین لە چارەسەری کێشەکان، رێگە بدۆزینەوە، وە زانین و زانست و مەعرفەی کە هەمانە بەکاری بێنین بۆ ئەو کێشانەی هەیە چارەسەریان بکەین.

رێککەوتنی پارتی و یەکێتی..بارودۆخی هاوڵاتیان

مەحموود محەمەد، لەسەر رێککەوتنی پارتی و یەکێتی و بارودۆخی هاوڵاتیان، گوتی: "لە پێناو ئەوەی هاوڵاتیان ژیانێکی ئاسوودەیان هەبێت، خەبات و تێکۆشانیان کردووە، دەریایەک خوێنیان بەخشیوە و ناخۆشی زۆریان چەشتووە، چی لەوە زیاتر ئەو هەمووە ئەنفال و راگواستن و کیمیابارانەی بەرانبەر کوردستان کراوە، ئەو هەمووە سجنەی کە خەڵکی تووشی بووە، ئەو هەمووە نائارامییەی لە کوردستان هەبووە بۆ چی بووە، بۆ ئەوە بووە لە رووی نەتەوەیی و نیشتمانی بگەنە مافەکانیان، لە رووی بژێوی ژیانیشیان بگەنە ئاستێک کە شایستەی ئەوان بێت. ئێمە لای خۆمانەوە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان دەرگامان کراوەیە، کۆنگرەی چواردەشمان بۆ ئەوەبوو کە دەرگا کراوەبێت بۆ چارەسەری کێشەکان، وە پێداچوونەوەیەک بەو پەیوەندییانەدا بکەین، بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە کە خەڵکی چی ویست ئەوە بکەین، ئێمە پڕۆگراممان هەیە و بە گوێرەی ئەو پڕۆگرامە کارەکانی خۆمان دەبەینە پێشەوە، پێمان خۆشە خەڵکانی تریش بە شێوازی سیستماتیک کە لەبەرژەوەندی خەڵکیدا بێت گفتوگۆکانیان بۆ چارەسەری کێشەکان بێت.

کابینەی نۆیەم حکومەتی پارتی

لەمەڕ کابینەی نۆیەم کە بە کابینەی پارتی ناو دەبرێت و کێشەکان دەخرێنە ئەستۆی پارتی، مەحموود محەمەد، گوتی: ئەم قسەیە نوێ نییە، لە کابینەکانی پێشووتریشدا، وەک کابینەی حەوت و هەشت، ئەم وتارانەیان هەبوو، وە زۆر جار خۆیان بێبەری دەکرد لە مەسەلەی حکومڕانی لەم وڵاتەدا. بە حەقیقەت ئێمە خۆمان لا نەداوە لە بەرپرسیارێتی لەبەرانبەر ئەو وەزعەی لە کوردستاندا هەیە، بە حوکمی ئەوەی خەڵکی کوردستان زۆرتر لە لایەنەکانی دیکە متمانەی پێکردووین و دەنگیان پێداوین و کورسی زیاترمان لە پەرلەمان هەیە، دەبێ مەسئولیاتی زیاتریشمان هەبێت، دەبێت لە حوکمڕانی و حکومەتیشدا پێگەی زیاترمان هەبێت، ئەوەی کێشەیە، ئەوەیە کە خەڵکی تر ئەمەیان پێ قبووڵ نییە، دەنا ئێمە حکومەتێکمان هەیە کە بەلایەنی کەمەوە سێ لایەنی سەرەکی تێیدا بەشدارن، پارتی و یەکێتی و گۆڕان، وە پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانیش تێیدا بەشدارن، بەڵام ئەو ناوهێنانەی کە حکومەتی پارتییە، ئێمە پێی سەربەرزین، کە حکومەتی ئێمەیە و ئیدارەی وڵات دەکەین، بەڵام ئەوەیان بۆ ئەمە نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە بڵێن نوقسانی هەیە و نقوسانییەکانیش خەتای پارتی دیموکراتی کوردستانە، کە ئەمەیان هەڵەیەکی گەورەیە.

مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان

مەحموود محەمەد باسی لەوەشکردووە، کە مەترسی سەر قەوارەی هەرێم دروست دەکرێن لە خیلالی ئەو درزانەوە بێنە کوردستان، ئەوەی خەڵکی کوردستان نایەوێت، ئەوەی خەڵکی کوردستان هەوڵی بۆ داوە و بونیادی بنێت، بیڕوخێنن، هەوڵی ئەوە بدەن ئەو قەوارەی هەرێم کە هەیە بەتاڵی بکەنەوە لە ناوەڕۆکیدا، ئێستاش خەڵکێکی وا هەیە لە بەغدا بە عەقڵێک کار دەکات، کە هەمان عەقڵییەتی کۆنە، لەوانەشە بەشێکیان دەستەڵاتیان بە دەستەوە بێت، بەوەی بۆ دەبێت قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەم دەستەڵاتانەی هەبێت! بۆ دەبێت ئەم سەڵاحییەتانەی هەبێت، بۆ دەبێت ئەم ئیمکانیاتەی هەبێت، بۆ دەبێت ئەم پێشکەوتنانەی هەبێت، بۆ دەبێت بەم شێوازە جیاواز بێت لەگەڵ شوێنەکانی دیکە. خەڵکی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنی حکومەتی عێراقییەوە، داوای مافەکانی خۆی دەکات تا بیانگەڕێنێتەوە چ لە رووی نەتەوەییەوە، چ لە رووی نیشتمانییەوە. بەشێوازێک ئێمە حکومڕانی وڵاتێکمان کردووە پێکەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، ئێستاش بەشێوازێکی دیکە فیدراڵییە، بەڵام وەک وتم عەقڵییەتێک لە بەغدا هەبێت و پێی قبوڵ نەبێت شێوازی فیدراڵی لەم وڵاتەدا هەبێت، یا کورد نەوعێک لە سەربەخۆیی هەبێت لە بڕیاردان بۆ خۆی.

هەڵبژاردنی داهاتوو

مەحموود محەمەد لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، خۆزگە ساڵێک پێشتر هەڵبژاردن بکرایە کاتێ ماوەی پەرلەمان بەرەو بەسەرچوون دەچوو،  تووشی ئەم بڕیارانەی ئەخیریش نەدەبوو، زۆریش هەوڵماندا بەڵام بە داخەوە نەکرا، ئێمە ئامادەکاریمان کردووە لە رووی تەکنیکی و سیاسیی و ئیداریی، کادیرانی حکومەت، سەرۆکی هەرێم، ئەوەی پێویست بێت ئەنجامیان داوە و بڕیاری بۆ دراوە، دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بەغدا چی دەکات و چۆن کارەکە بەڕێوەدەبەن، کە ئێمە زەمینە خۆشکەر دەبین تا بتوانن کارەکانیان بەشێوەیەکی ڕێک و پێک ئەنجام بدرێن.

فەوزای میدیایی

وتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەر فەوزای میدیایی وتی: "شەڕی میدیایی جۆرێک لە نوێی تێدایە، بەوپێیەی لای خەڵکی تازەیە، وەک ئەوەی لەزەتێک لەم بابەت وەربگرن، ئەمەش شتێکی خراپە، چونکە ئەو فەوزا ئیعلامییەی کە هەیە، یان بەکارهێنانی دەزگا ئیعلامییەکان یا سۆشیال میدیا بۆ دژایەتی یەکتر کارێکی خراپە، چونکە کاریگەری دەکاتە سەر سایکۆلۆژییەتی خەڵک لە کوردستاندا، خەڵک پێویستی بە ئارامی هەیە، خەڵک زۆر عەزیەتدراوە لە زەمانەکانی کۆندا، پێویست ناکا زیاتر عەزیەت بدرێن، ئێمە دەتوانین ئەو قسانەی لە ئیعلام دەیکەین، لە ناو کۆبوونەوەکانی دووقۆڵی و سێ قۆڵی بە یەکەوە بیکەین و،  چارەسەری کێشەکان بکەین، ئیعلام چارەسەری کێشەکان نییە، دەرخەری کێشەکانە، ئیعلام ناتوانێت رێنیشاندەریش بێت بۆ ئەوەی کە چۆن ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن، بەڵکو کۆبوونەوەی دووقۆڵی و سێ قۆڵی و،  تەفاهوم لە بەینی یەکتریدا ئەم کێشانە چارەسەر دەکەن، بۆیە کارێکی خراپە هەر لایەک بیکات سوودی ئەم وڵاتەی تێدا نابینرێت.

هەر لەسەر پرسی شەڕی راگەیاندن، ئەوەشی وت: "لە هەموو دنیادا ئەحزابی سیاسیی، یا کەسایەتی سیاسیی سوود لە میدیا وەردەگرن، یا پاڵپشتی میدیا دەکەن، بەڵام بۆچی، بەو مەرامە دیاریکراوەی کە هەیەتی، ئەگەر حزب بێت بەو رێبازەی کە هەیەتی، لە دنیادا خەڵک هەیە سەرمایەدارە بەڵام میدیای هەیە و بە کاری دێنێت، چ نووسراو، چ بینراو، چ سۆشیال میدیا، هەیەتی و بە کاری دێنێت. لێرەدا چۆنییەتی ئاڕاستەکردن و بەکارهێنانی میدیاکە گرینگە، تەسەور دەکەم لە کوردستانیشدا لەوەیە لەو شێوازە هەبێت، بەڵام گرینگ ئەوەیە کە هەمووی لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیی و نیشتمانیدا بێت، لە خزمەتی پاراستنی ئەو دەستکەوتانە بێت کە بە خوێن و خەباتی خەڵکی کوردستان بە دەست هاتوون، لە خزمەتی پاراستنی ئەو مادانە بن کە لە دەستووری عێراقدا جێگیر کراون، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاندنمان هەیە و لە ئیمکانیاتی خۆمان دەعمیان دەکەین.