Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەستبەکار بوونی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق یەکلایی بۆتەوە


هەولێر_KDP.info_ ڕاوێژکاری کاروباری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، بودجەی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق یەکلایی بۆتەوە و دەست بەکار دەبن، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە و بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق پڕدەکرێتەوە و جموجۆلی داعش و مەترسییەکانیان کەم دەبێتەوە.

ڕاوێژکاری کاروباری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بابەکر زێباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی  دیموکراتی کوردستان گوتی: هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر  یەکلایی کردنەوەی دوو لیوای هاوبەش بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و بودجەشیان بۆ دابین کراوە و مەشق و ڕاهێنان دەکەن، لەو ناوچە کوردستانییانەی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی بۆشایی ئەمنی هەیە بڵاوەیان پێدەکرێت،  دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەمنییەتی ئەو ناوچانە.

بابەکر زێباری گوتیشی: داعش تا ئێستا ماوە و جموجۆلیشی لەو ناوچانە هەیە، ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی نەمانی داعش لەو ناوچانە، چونکە داعش ماوە و هەر مەترسییە، بەڵام ئەو هەنگاوە وا دەکات داعش لەو ناوچانە نەمینێت .

بڵند ئیبراهیم