Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

22 ھەزار گەنجی فەیلی بێ سەروشوێنن

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی کاروباری کوردانی فەیلی لە ھەرێمی کوردستان گوتی، دوای کۆنفڕانسی زانستی کوردانی فەیلی لەژێر چاودێری سەرۆک بارزانی لەدەرئەنجامی ئەو کۆنفڕانسە بڕیاردرا بەدانانی دوو دادوەر لە ئەنجوومەنی دادوەری عێراق بۆ ئەوەی کار لەسەر کێشەو کەیسی کوردانی فەیلی بکەن، کە ئەمە ھەنگاوێکی زۆر گرنگە.

بەرپرسی نووسینگەی کاروباری کوردانی فەیلی لە ھەرێمی کوردستان، عەلی فەیلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە دەرئەنجام و دەستکەوتەکانی کۆنفڕانسی زانستی جینۆسایدی کوردانی فەیلی کە لە ھەولێر لەژێر چاودێری و بڕیاری سەرۆک بارزانی سازکرا، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری فایەق زێدان خۆم سەردانی ناوبراوم کردوو بابەتەکەم بۆ شرۆڤەکرد، ئێستا دوو دادوەری دیاریکردووە بۆ ئەوەی کار لەسەر کەیسی کوردانی فەیلی بکەن و ئێستا فەرمانی کارگێڕی دەرچووە و لەڕۆژانی داھاتوو دەست بەکار دەبن و ئەو دوو دادوەرە شارەزاییەکی باشیان ھەیە، بۆیە ئەوە ھەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی کار لەسەر کێشەکانی کوردی فەیلی بکرێت لەبەر ئەوەی کێشەکانی کوردی فەیلی پەیوەستە زیاتر بە حکوومەتی عێراق و پێویستە ئەوان چارەسەری بکەن کە کێشەی سەروەت و سامانە دەستی بەسەرداگیراوە، ھاوکات پێویستە قەرەبوو بکرێنەوە بەتایبەت دۆزینەوەی ڕووفاتی گەنجەکان، بۆیە ھیوادارین کاری جددی لەسەر بکرێت".

عەلی فەیلی گوتیشی: "ئەوانەی بێ سەروشوێنن 22 ھەزار گەنجە کە تەمەنیان لە نێوان 18 تا 30 ساڵیدایە و ئەوانەی دەست بەسەر سەروەت و موڵک و سامانیان گیراوە نزیکەی 100 ھەزار موڵکە، کە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان نزیکەی 2 ملیۆن کەس دەبێت و 600 ھەزاریان دەرکران بۆ ئێران و تائێستا نەگەڕاونەتەوە و کێشەی ناسنامەیان ھەیە".

 

بڵند ئیبراھیم